سبەی داواکاریی بۆ دیداری دووەمی ئۆجەلان پێشکەش دەکرێت

test
زیندانى ئیمراڵى لە تورکیا

پارتى دەم بڵاویکردەوە، سبەی شاندی ئیمراڵی بەمەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ سەردانی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، داواکاریی پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا دەکەن.

پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕوان دەکەن دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکە، لە نزیکترین کاتدا دیداری دووەمی ئیمراڵی رێکبخرێت.

هەفتەی رابردوو، یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا داواکاریی بۆ دیداری دووەمی ئیمراڵی ئاڕاستەی وەزارەتەکەیان نەکراوە، چەند کاتژمێرێک دواتر، سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو واتە ئەم هەفتەیە داواکاریی بۆ دیداری دووەمی ئیمراڵی پێشکەش دەکەن.

پاش بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دیداری پارتی دەم و ئۆجەلان، رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا کۆبوونەوە.

لە دیدارەکەدا ئۆجەلان پەیامێکی حەوت خاڵی بە شاندەکە دا و تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد و گوتی "ئامادەیە بەشداری لەو دەستپێشخەرییە نوێیە بکات کە ئەردۆغان و باخچەلی خستوویانەتەڕوو".