دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێكرد

وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی راگەیاند و داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكات، رێوشوێنەكانی وەرگرتنی مووچە تەواو بكەن.
وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویكردووەتەوە، دەست بە پارەداركردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان كراوە.
روونیشكراوەتەوە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی، وەزارەت، پارێزگا و ئەو لایەنانەی پەیوەستنین بە وەزارەتەوە دەكەن، رێگەپێدراویان بنێرن بۆ تەواوكردنی داواكاریی پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەران و ئەندامانیان.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەشكردووەتەوە، پێویستە پابەندبوون بە خشتەی مووچەی مانگانەی پشتپێبەستراو لەبەرچاو بگیردرێت و سەرجەم داواكارییەكانی پارەداركردن جێبەجێبكرێن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تاوەكو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەشنەكراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پارەی مووچەی مانگی 12ـی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، بە ناتەواوی نێردراوە و ناتوانن مووچە دابەشبكەن.
تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەوە مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەداوە.