خولی یەکەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل راگەیەندرا

لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، خولی یەکەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل راگەیەندرا.
رێکەوتی 19ی کانوونی دووەم، لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، دەستەی بەڕێوەبەر و رێکخەران، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایلیان راگەیاند.
کامەران نوری، بەڕێوەبەری بەشی هونەری سینەمای سلێمانی و فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل، رایگەیاند: "پشتبەستوو بە ئەزموونی رابردوو و شارەزایی لە بوارەکەدا، زیاتر لە شەش مانگە، سەرقاڵین بە ئامادەکردنی پڕۆژەی فێستیڤاڵێکی لەم چەشنە".
کامەران نوری، ئومێدەواریی خۆی بۆ فێستیڤاڵەکە دەربڕی و داوا لە فیلمساز و بەرهەمهێنەرانی سینەمای کوردستان دەکات، بەشداریی لەم فێستیڤاڵەدا بکەن.

بڕیارە لەچوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، 10 خەڵات لە پۆلی جیاوازدا، بە هەڵسەنگاندنی لیژنەیەک بە ئەزموونی سینەماییەوە، بەسەر براوەکاندا دابەشبکرێن، ئەوانیش: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین سیناریۆ، باشترین مۆنتاژ، باشترین ئەکتەر، باشترین خانمە ئەکتەر، باشترین کاری دەنگ و موزیک و خەڵاتی داوەران.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل، یەکێکە لە فێستیڤاڵە نوێیە سینەماییە دیارەکانی شاری سلێمانی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی و هونەر لە سلێمانی، هاوشانی بەشی هونەری سینەما و دامەزراوەی ڤیم ئەنجامدەدرێت.
ئامانج لە رێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە، رەخساندنی دەرفەتە بە ئاواتەخوازانی بواری سینەما، تاوەکو بەرهەمەکانیان لەڕێگەی مۆبایلەوە بەرهەمبهێنن و لەچوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، وێڕای نمایشکردنی دیارترین فیلمەکان، کێبڕکێ بکەن بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترینەکان.
ئێستا، رەوگەی یەکەمی فێستیڤاڵەکە چالاکە و هەمووان چانسی یەکسانیان هەیە بەشداریی بکەن.