کۆمەڵەی پزیشکانی شێرپەنجە لە ئەمریکا: شێرپەنجە لە گەنجان و ژناندا زیادیکردووە

test

راپۆرتێکی نوێی کۆمەڵەی پزیشکانی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەریدەخات، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 1991 بۆ 2022، 34% کەمیکردووە.

راپۆرتێکی  Cancer Statistics, 2025 کە تایبەتە بە ئامارەکانی شێرپەنجە دەڵێت، ئەم کەمبوونەوەیە بەشێوەیەکی سەرەکی لە چوار بڵاوترین جۆری شێرپەنجەدا بووە – شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، کۆڵۆن و پرۆستات.

سەرەڕای کەمبوونەوەی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە، رێژەی تووشبوونی نوێ بە نەخۆشییەکە لەو ماوەیەدا زیادیکردووە، بەتایبەتی لەن گەنجان و ژناندا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە خانمانی تەمەن 50 بۆ 64 ساڵاندا لە پیاوان زیاتر بووە، ئەمە یەکەمجارە ئاماری لەم شێوەیە لە ئەمریکا ببینرێت. هەروەها رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە خانمانی خوار تەمەن 50 ساڵیدا ئێستا 82% لە پیاوان زیاترە، لەکاتێکدا رێژەکە لە ساڵی 2002 تەنیا 51% بووە. بێجگە لەمە، زۆرینەی ئەوانەی تووشبووی شێرپەنجەی سییەکانن و تەمەنیان لە خوار 65 ساڵەوەیە، لە رەگەزی مێن، پسپۆڕان هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ زۆربوونی جگەرەکێشان لە خانماندا.

لە راپۆرتەکەدا باس لە زۆربوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس و گیانلەدەستدان بەم جۆرەی شێرپەنجە کراوە، دەرکەوتووە لە خانمان و پیاوانیشدا شێرپەنجەکە رووی لە هەڵکشانە. ئەگەری گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی رژێنی پەنکریاس پاش پێنج ساڵ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە تەنیا 8%ـە.

 هێشتا بەتەواوی دیار نییە چی بووەتەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لەناو گەنجان و بەتایبەتیش خانماندا، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستیی وڵاتەکە دەڵێن دەکرێت ئەم خاڵانەی خوارەوە هۆکاربن:

  • وەرزشنەکردن و قەڵەوی
  • خواردنەوەی کحول
  • خواردنی خۆراکە دەستکاریکراوەکان