لە ئەمریکا رەنگی سووری ناو خواردنەکان قەدەغەکرا

test
هەندێک لەو خۆراکانەی رەنگی سووریان تێدا بەکارهاتووە. فۆتۆ: FDA

دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، بڕیاری قەدەغەکردنی تەواوی رەنگی سووری ژمارە سێ(ئێریسرۆسین)ـی دا، وابڕیارە لە ساڵی 2027ـەوە کار بە قەدەغەکردنی رەنگەکە بکرێت.

رەنگی سووری ژمارە سێ، یان ئێریسرۆسین، رەنگێکە لەناو خۆراکە دەستکاریکراوەکاندا بەکاردەهێنرێت و لە ساڵی 1907ـەوە رێگە بە بەکارهێنانی دراوە، لە ساڵی 1990 بەکارهێنانی لە بەرهەمەکانی جوانکاری و دەرمانەکانی سەر پێستدا قەدەغەکرا، بەو پێیەی کە مەترسیی زیانگەیاندن بە پێکهاتەی بۆماوەیی خانەکان و شێرپەنجەی هەبوو. ئەم رەنگە لە هەندێک وڵاتی ئەورووپا، ئوسترالیا و ژاپۆنیش قەدەغەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا لە زۆرێک لە بەرهەمە خواردەمەنییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

رەنگەکە بەشێوەیەکی پیشەسازی دروستدەکرێت و رەنگێکی سووری ئاڵ دەدات بە خواردنەکان، ئەو خواردنانەی ئەم رەنگەیان تێدا بەکاردەهێنرێت ئەمانەن: نوقڵ و شیرینی، کێک، بسکویت و ئایسکرێم. رەنگەکە لە هەندێک دەرمانیشدا بەکاردەهێنرێت، لەوانە: شروبی کۆکە، دەرمانی ئازارشکێن و دەرمانی ترشەڵۆکی گەدە.

بڕیارەکەی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا پاش چەندین ساڵ هەوڵ ی رێکخراوەکانی کۆنترۆڵی جۆریی خۆراک و دەرمان و رێکخراوە ژینگەییەکانی وڵاتەکە دێت، کە داوایان لە دامەزراوەکە کردووە ئەم ماددەیە قەدەغەبکات، بەو پێیەی بەگوێرەی توێژینەوەکان دەرکەوتووە دەبێتەهۆی شێرپەنجەی غوددە.