بۆچی پێستت وشکە؟
گران جاف 20/01/2025

وشکبوونەوەی پێست یەکێکە لەو گرفتانەی کە بەتایبەتی لە وەرزە ساردەکاندا باوە، ئەمەش دەبێتەهۆی زبربوون و خوورانی پێست، هەندێجار ئەم وشکبوونەوەیە دەبێتەهۆی لێبوونەوەی کاژی پێست.
هۆکارەکانی وشکبوونەوەی پێست زۆرن تیایاندا، کەشوهەوای سارد و وشک، تیشکی خۆر، شامپۆ، سابوونی دەست و خۆشۆردنی زیاد لە پێویست.



نیشانەکان
وشکبوونەوەی پێست زۆر جار کاتی و وەرزییە، بەڵام دەکرێت درێژخایەنیش بێت. نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دگۆڕێن و دەکرێت هەریەکێک لەم نیشانانەی خوارەوە بن:
- هەستکردن بە توندیی پێست
- زبربوونی پێست
- خووران
- لێبوونەوەی توێژاڵی پێست
- پێستهەڵدان
- دروستبوونی قڵیشی پێست
- لەو کەسانەی کە رەنگی پێستیان قاوەیی یان تۆخە، پێستیان سپیدەبێتەوە
- خوێنلێهاتن

هۆکارەکان
- گەرما: گەرمای زۆر کە بەهۆیەوە شێی هەوا کەمدەبێتەوە و دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی پێست
- ژینگە: کەشوهەوای سارد و وشک
- خۆشۆردنی زیاد لە پێویست: گەرماوکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، بەکارهێنانی لفکەی زۆر زبر و چەند جارێک خۆشۆردن لە رۆژێکدا هۆکارن بۆ وشکبوونەوەی پێست
- بەکارهێنانی شامپۆ و سابوونی زیانبەخش و توند: ئەم جۆرە پاککەرەوانە بەگشتی دەبنەهۆی کەمبوونەوەی شێی پێست و وشکبوونەوەی
- دەرمان: هەندێک دەرمانی دژەشێرپەنجە، شوشتنی گورچیلە و چەند دەرمانێکی دیکە
- تەمەن: لەگەڵ بەتەمەنچووندا، پێست تەنکدەبێتەوە و چەوریی پێست کەمدەبێتەوە
- هەندێک حاڵەت و نەخۆشیی پێست: هەریەکێک لە نەخۆشیی سەدەف و بیرۆ هۆکارن بۆ وشکبوونەوەی پێست
گرنگە خێرا وشکبوونەوەی پێست چارەسەربکرێت، چونکە لەگەڵ خراپتربوونی حاڵەتەکەدا، پێستەکە زیاتر زیانیپێدەگات و قڵیشی تێدا دروستدەبێت، ئەمانەش ئاسانکاری بۆ کۆبوونەوەی بەکتریا دەکەن و مەترسیی تووشبوون بە هەوکردن زیاتردەکەن.
رێگەکانی خۆپارێزی
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوە: شێدارکەرەوە رێگە لە لەدەستدانی ئاو دەگرێت و ناهێڵێت پێست وشکببێتەوە، بەمەش چینە پارێزەرەکەی پێست دەپارێزێت. باشتر وایە شێدارکەرەوەیەک بەکاربهێنرێت کە دژەخۆریش بێت، تەنانەت لەو رۆژانەی کە هەورە. پێویستە هەوڵ بدرێت بە درێژایی رۆژەکە شێدارکەرەوە بکاربهێنرێت، بەتایبەتی بۆ دەستەکان.
- کەمکردنەوەی ماوە و جارەکانی خۆشۆردن: گرنگە ماوەی خۆشۆردن لە دە خولەک زیاتر نەبێت. پێویستە ئاوی شلەتێن بەکاربهێنرێت و پاشان بەباشی پێست وشکبکرێتەوە. هەروەها نابێت رۆژانە لە جارێک زیاتر گەرماو بکرێت.
- ئەو شامپۆ و سابوونانەی بەکاردەهێنرێن نابێت کحول و بۆنیان تێدابێت
- بەکارهێنانی گوێزان: پێویستە لەکاتی تاشینی موودا کرێمی تاشین بەکاربهێنرێت و بە ئاڕاستەی مووەکان گوێزانەکە لە پێستەکە بدرێت، پێویستە گوێزانەکە نوێ و تیژ بێت. پاش هەر گوێزان پیاهێنانێک پێویستە بە ئاوی شلەتێن شوێنەکە بشۆررێت و لە کۆتاییدا شێدارکەرەوە بەکاربهێنرێت
- لە کەشوهەوای سارد و رەشەبادا گرنگە تاوەکو دەکرێت پێست دابپۆشرێت
- پاش مەلەکردن بەتایبەتی لە مەلەوانگەیەک کە کلۆری زۆر بۆ ئاوەکە بەکارهاتووە، پێویستە پێست بشۆررێت و شێدارکەرەوەی بۆ بەکاربهێنرێت
- لەکاتی تینووبووندا ئاو بخورێتەوە
loading....