لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەران هەموارى یاساى بودجەى پەسەندکرد

test
كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى پەسەندکرد، بڕیارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر هەموارەکە بدرێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایی رایگەیاند، هەمواری یاسای بودجە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان، بەگوێرەى هەموارەکە بڕی 16 دۆلار وەکو تێچووى هەر بەرمیلێک نەوت دیاریدەکرێت.

باسی لەوەشكرد، ئەم بڕە پارەیە وەکو سولفە دەدرێتە هەرێمى کوردستان و تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆڕ لەماوەی 60 رۆژ بە رێککەوتنی نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد خەمڵاندنێکی دادپەروەرانە بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکان دەكات.

ئەندامەكەى لیژنەى دارایی گوتیشى، بەگوێرەى یاسای بودجەی فیدراڵی، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات، یاخود لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبهێنێت.

loading....