ئەمریکا پێشوازیی لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دەکات

test
فۆتۆی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێشوازیی لە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات.

ئۆفیسی کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەمریکا پێشوازیی لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2025 لە نێوان بارزانی و عەبدی دەکات.

ئۆفیسی کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت "دیالۆگی ناوخۆیی نێوان کورد دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە پتەوکردنی گواستنەوەیەکی گشتگیری سیاسی لە سووریا بگێڕێت".

رۆژی 16ـی کانوونی دووەم، مەزڵوم عەبدی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵ8ـی راگەیاندبوو، ئەوان پێشوازی لە دیدارەکە دەکەن و گفتوگۆى نێوان لایەنە کوردییەکانى بەهۆکارێک بۆ نوێنەرایەتییەکی بەهێزی کورد لە سووریا ناوبردبوو.