نزیکەى 20 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمى کوردستان خانەنشین دەکرێن

test
چەند خانەنشینێک لەسەرەی وەرگرتنی مووچە. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەبڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ئەو فەرمانبەرانەى تەمەنیان لەنێوان 60 تاوەکو 63 ساڵە، پێکەوە خانەنشین دەکرێن، بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8ـيش ژمارەى ئەوانەى خانەنشین دەکرێن بەو بڕیارە، نزیکەى 20 هەزار فەرمانبەرن.

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8، ساڵانە ژمارەى ئەو فەرمانبەرانەى خانەنشین دەکرێن روو لە زیادبوونە، بەر لە ساڵى 2020 ساڵانە نزیکەى چوار هەزار فەرمانبەر لە هەرساڵێکدا خانەنشین دەکران، بەڵام ئێستا رێژەکە گەیشتووەتە شەش هەزار فەرمانبەر و ئەو فەرمانبەرانەى تەمەنیان لەنێوان 60 تاوەکو 63 ساڵە، نزیکەى 20 هەزار فەرمانبەر دەبن و پێکەوە خانەنشین دەکرێن.

بڕیارى خانەنشینکردنى ئەو ژمارە زۆرەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، پشتى بە بڕیارى دادگاى فیدراڵى بەستووە، کە لە 23ـى تشرینى دووەمى ساڵى 2022 بۆ جیبەجێکردنى یاساى ژمارە نۆى ساڵى 2014ـى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق دەرکراوە.

لە رۆژى 15ـى کانوونى دووەمى 2025، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنوسراوى فەرمى سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکانى ئاگادارکردووەتەوە، هەموو ئەو فەرمانبەرانەى کە بەگوێرەى ساڵ و رۆژى لەدایکبوونیان 60 ساڵ تەمەنیان تەواوکردووە، راستەوخۆ خانەنشین دەبن.

بەگوێرەى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى فیدراڵی، هەر فەرمانبەرێک 25 ساڵ خزمەتى هەبێت، 12 مووچە و دەرماڵەى پێکەوە وەک پاداشتى خانەنشینى پێدەدرێت، هەر فەرمانبەرێکیش 15 ساڵ خزمەتى هەبووبێت، شەش مووچەى بنەڕەتیی پێدەدرێت.

loading....