مان یونایتد بەردەوامە لە تۆمارکردنی خراپترین ریکۆردەکان

مانچێستەر یونایتد ناتوانێت بگەڕێتەوە سەردەمی شکۆمەندییەکانی و ماوەیەکی زۆرە دوورکەوتوەتەوە لە بەدەستهێنانی ناسناوەکان، تەنانەت دوورکەوتوەتەوە لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش.
لە دوای رۆیشتنی تین هاگی هۆڵەندی لە پۆستی راهێنەرایەتی و هاتنی رۆبن ئامۆرێم لەم وەرزەدا، هێشتا شەیتانە سوورەکان نەگەڕاونەتەوە سەر رێچکەی بردنەوەکان و یاریی دوای یاریی خراپتر دەبن.
لە میانی یارییەکای گەڕی 22ـی پرێمەرلیگ، دوێنێ یەکشەممە مان یونایتد لە ئۆڵد ترافۆرد میوانداریی برایتۆن ئاڵبیۆنی کرد و بەئەنجامی 1-3 بە یانە شینەکەی لەندەن دۆڕا و شکستی ژمارە 10ـی تۆمارکرد لە پرێمەرلیگ و ریکۆردێکی خراپی تۆمارکرد.
شەش لەو شکستانە لەگەڵ ئامۆریمی راهێنەرە، کە خراپترین دەستپێکە و لە ماوەی 103 ساڵی رابردوودا، هیچ راهێنەرێک ئاوا بە خراپی دەستی پێنەکردووە لەگەڵ یانەکەدا.
کێ هۆکاری شکستەکانی مان یونایتدە؟
لە سەردەمی تین هاگ، هەموو رەخنەکان ئاراستەی ئەو دەکران و دەگوترا تین هاگ راهێنەرێکی خراپە و هیچ کاریگەرییەکی نییە، بەڵام ئێستا روبن ئامۆریمی راهێنەر، هۆکاری کێشە و شکستەکانیان بۆ نەبوونی یاریزانی باش دەگەڕێنێتەوە و باس لەوە دەکات کە یاریزانەکان دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ تاکتیک و رۆحیەتی یارییکردنیان باشتر بکەن، هەروەها یونایتد دەیەوێت لە میرکاتۆی زستانەدا یاریزان بگوازێتەوە و چەند یاریزانێکی خۆشی بفرۆشێت، لیستی یاریزانەکانیش لەسەر داوای ئامۆریمە.
شەیتانە سوورەکان لە سەرجەم یارییەکانی لەم وەرزەدا ئەنجامی داوە 10 شکست و 12 بردنەوە و هەشت یەکسانبوونی تۆمارکردووە، بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ پلەی 13ـی ریزبەندیی گرتووە.