بۆچی تووشبووانی رەبۆ پێویستە خۆیان لە سەرما بپارێزن؟

گران جاف 20/01/2025
test

هەڵمژینی هەوای سارد لە زستاناندا وادەکات نیشانەکانی رەبۆ خراپترببن، بەڵام هۆکار چییە و پێویستە چی بکرێت؟

پەیوەندیی نێوان کەشوهەوای سارد  و رەبۆ چییە؟

لە کەسانی تووشبووی رەبۆدا، بۆرییەکانی هەناسە دەئاوسێن و بەهۆی چەند ماددەیەکی دیاریکراوەوە هەودەکەن، ئەم ئاوسانەش وادەکات رێڕەوی هەناسە تەسکببێتەوە و کەمتر هەوای پێدا بڕوات، هەربۆیە تووشبووانی رەبۆ زۆرجار گرفتی هەناسەیان هەیە.

زستان وەرزێکی ئاسان نییە بۆ ئەو کەسانەی رەبۆیان هەیە. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی وڵاتی چین کە لە ساڵی 2014ـدا ئەنجامدراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی رەبۆیان هەیە و لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن لە وەرزی زستاندا زۆر زیاترە. هەروەها لە باکوری وڵاتی فینلەندا کە کەشوهەوایەکی زۆر ساردی هەیە، %82ـی ئەو کەسانەی رەبۆیان هەبوو لەکاتی وەرزشکردندا تووشی هەناسەتوندی دەبوون. ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەکاتی وەرزشکردندا، جەستە پێویستی بە ئۆکسجینی زیاترە، هەربۆیە خێراتر هەناسە دەدرێت.

کاتێک لە لووتەوە هەناسە دەدرێت، ئەو بۆرییە خوێنانەی لە لووتدا هەن، هەواکە شێدار و گەرم دەکەن. کاتێک کە بەهۆی وەرزشکردنەوە ئۆکسجین کەمدەبێتەوە، هەوڵدەدەین لەڕێگەی دەمیشەوە هەناسە هەڵمژین بۆئەوەی بە خێرایی ئۆکسجینێکی زۆرمان دەستبکەوێت، بەڵام ئەو هەوایەی کە لە دەمەوە هەڵدەمژرێت، گەرم و شێدار ناکرێتەوە و راستەوخۆ دەچێتە سییەکانەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هەوای سارد نیشانەکانی رەبۆ خراپتر دەکات؟

هەوای سارد بە چەند جۆرێکی جیاواز هۆکارە بۆ خراپتربوونی نیشانەکانی رەبۆ وەکو؛

  1. هەوای سارد وشکە: بۆرییەکانی هەناسە بە چینێک شلە داپۆشراون، کاتێک هەوای سارد و وشک هەڵدەمژرێت، ئەم شلەیە بەهەڵمدەبێت و بۆرییەکانی هەوا وشکدەبنەوە و دەئاوسێن، ئەمەش وادەکات نیشانەکانی رەبۆ خراپتر ببن. لەگەڵ ئەوەشدا هەوای سارد دەبێتەهۆی دەردانی هیستامین، هەمان ئەو ماددەیەی لەکاتی هەستەوەریدا دەردەدرێت و نیشانەکانی هەستەوەری دروستدەکات. هیستامین لەو کەسانەی رەبۆیان هەیە دەبێتەهۆی خیزەی سنگ و خراپبوونی نیشانەکانی دیکەش.
  2. سەرما لینجەماددە زیاددەکات: بۆرییەکانی هەوا بە چینێک لینجەماددەی پارێزەر داپۆشراون، لە کەشوهەوای سارددا جەستە لینجەماددەی زیاتر دروستدەکات، بەڵام ئەو لینجەماددەیەی بەهۆی سەرماوە دروستدەبێت ئەستورتر و لینجترە لەکاتی ئاسایی. ئەم لینجە ماددە زیادەیەش مەترسیی تووشبوون بە پەتا و هەوکردنی دیکە زیاتر دەکات.
  3. مەترسیی تووشبوون بە هەڵامەت و پەتا زیاترە: لە وەرزە ساردەکاندا، پەتای وەرزی و هەڵامەت بڵاوە، ئەم پەتایانەش نیشانەکانی رەبۆ خراپتردەکەن.

چۆن دەتوانیت رێگری لە خراپتربوونی نیشانەکانت بکەیت لە وەرزە ساردەکاندا؟

گرنگە لە وەرزە زۆر ساردەکاندا لە ماڵەوە بمێنیتەوە، ئەگەریش پێویستبوو بچیتە دەرەوە، ئەوا پێویستە پەیڕەوی ئەم رێنماییانەی خوارەوە بکەیت:

  1. لەکاتی چوونەدەرەوەدا هەوڵبدە لووت و دەمت بە ملپێچ دابپۆسیت بۆئەوەی ئەو هەوایەی هەڵیدەمژیت گەرم ببێت
  2. پێویستە بڕێکی زیاتر لە ئاو و شلە بخۆیتەوە بۆئەوەی لینجەماددەی ناو بۆرییەکانی هەناسە چڕییەکەی کەمتر ببێت، بەم شێوازە جەستە ئاسانتر دەتوانێت خۆی لێدەرباز بکات
  3. دوورکەوتنەوە لە کەسانی تووشبوو بە پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان
  4. وەرگرتنی پێکووتە دژی پەتا وەرزییەکان
  5. گسکدان و پاککردنەوەی ماڵ بۆئەوەی تەپوتۆزی کەمترببێت
  6. شوشتنی هەفتانەی سەرچەف و لێفە بە ئاوی شلەتێن
  7. ئەگەر ویستت وەرزشبکەیت، ئەوا گرنگە نیو کاتژمێر پێش دەستکردن بە وەرزشەکە، پەمپی رەبۆ بەکاربهێنیت و پەمپەکەت پێبێت
20/01/2025