شاندی ئیمراڵی داواکاریی بۆ دیداری دووەمی ئۆجەلان پێشکەشکرد

شاندی ئیمراڵی، بەمەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ سەردانی دورگەکە و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، داواکاریی پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ناوی کێ و کێ لە داواکارییەکەدایە.
پارتی دەم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چاوەڕوان دەکەن، دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکە، لە نزیکترین کاتدا دیداری دووەمی ئیمراڵی رێکبخرێت.
پاش بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دیداری پارتی دەم و ئۆجەلان، رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، سڕی سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوە.
لە پاش دیدارەکە، شاندەکە بۆچوون و هەڵوێستی ئۆجەلانیان لە پەیامێکی حەوت خاڵیدا گەیاندە رایگشتی. دواتر شاندەکە بە هاوەڵی ئەحمەد تورک، سەردانی زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیایان کرد و بۆچوون، رەخنە، پێشنیاز و داواکاریی لایەنەکانیان لەبارەی ئەو پرۆسەیەی تاوەکو ئێستا ناونەنراوە، کۆکردەوە و بڕیارە لە کۆبوونەوەیاندا بیخەنە بەردەم ئۆجەلان.