سەرۆکایەتیی ترەمپ دەستیپێکرد... تەندروستیی ئەمریکا چی بەسەر دێت؟

test
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، فۆتۆ: AP

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ بۆ دووەمجار بووەوە بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەکو 47ـەمین سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەکاربوو.

وابڕیارە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە، دۆناڵد ترەمپ چەندین بڕیاری گرنگ واژۆبکات، بەشێک لەم بڕیارانە کاریگەرییان لەسەر سیستمی تەندروستیی جیهان و ئەمریکاش هەیە.

وەکو پێشتر بڕیاری داوە و لە ماوەی سەرۆکایەتیی پێشتریشدا جێبەجێیکردووە، لەمڕۆوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لیستی ئەو وڵاتانە دەکشێتەوە کە پشتیوانیی دارایی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکەن. یەک لە پێنج یان 22%ـی تەواوی پاڵپشتییە داراییەکانی رێکخراوەکە لەلایەن ئەمریکاوەیە و ئەمەش رێکخراوەکە ناچار دەکات پەنا بۆ پاڵپشتیی دارایی تایبەت و هەندێک وڵاتی نوێ بۆ پڕکردنەوەی پاڵپشتییە داراییەکان ببات.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامانجی پێشکەشکردنی هاوکاریی تەندروستی و مرۆییە و ملیۆنان کەس لە جیهاندا، بەتایبەت لە ئەفریقا و وڵاتە هەژار و مامناوەندەکان، سوود لە رێکخراوەکە وەردەگرن. لە هەمانکاتدا رێکخراوەکە هەوڵ بۆ بنەبڕکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەکو ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان، ڤایرۆسی ئەیدز و سیل دەدات.

لە ساڵی 1948ـدا بە یارمەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێکخراوەی تەندروستیی جیهانی دامەزراوە و تاوەکو ئێستا گەورەترین پاڵپشتی رێکخراوەکە ئەمریکایە. ئەمریکا تاکە کە بە شێوەیەکی یاسایی دەتوانێت لە رێکخراوەکە بکشێتەوە.

لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، هەردوو بەربژێری کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بانگەشەی هەرزانکردنی نرخی دەرمانیان دەکرد. بەگوێرەی سەرژمێرییەکی کاتی هەڵبژاردنیش، کەمکردنەوەی نرخی دەرمانەکان خواستی سەرەکیی دەنگدەرانی ترەمپ بووە.

لە ئەمریکا تێچووی کڕینی دەرمان نزیکەی سێ هێندەی وڵاتانی دیکەیە. گرانیی دەرمان وایکردووە کە وەکو لە راپۆرتەکانی رێکخراوی راندا هاتووە، "کاتێک پزیشک دەرمان بۆ ئەمریکییەکان دەنووسێت، لە پێنج کەسیان یەکێکیان بەهۆی گرانییەوە دەرمانەکە ناکڕن؛ لە 10 ئەمریکیش یەکێکیان دەرمانەکەی دەکات بە نیوە بۆ ئەوەی بەشی ماوەیەکی زیاتری بکات."

بەگوێرەی ئاماژەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی، بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان سەرۆکەکەی ئەمریکا پشت بە چەند هەنگاوێک دەبەستێت، لەوانە:

  • بەهێزکردنی بازاڕی ئازاد بۆ زۆربوونی دەرمانەکان
  • هاوردەکردنی دەرمان لە وڵاتانی دیکەوە
  • جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوتاکردنی نرخی دەرمان لە ئەمریکا لەگەڵ نرخی دەرمان لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکەدا

ئۆباماکەیر، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییەیە کە لە ساڵی 2010ـوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی بووەتە بەشێک لە سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە. ئامانجی سەرەکیی خزمەتگوزارییەکە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دابینکردنی بیمەی تەندروستییە بۆ هەموو کەسێک، لە ناویاندا ئەو کەسانەش کە لە رووی داراییەوە ناتوانن بیمەی تەندروستییان هەبێت. پاش ئەوەی خزمەتگوزارییەکە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ملیۆنان ئەمریکی سوودیان لە خزمەتگوزارییەکە وەرگرتووە و هاوکات پارێزراویشن لە تاکتیکی بازرگانیی کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمەی تەندروستی، کە دەکرێت لە کۆتاییدا، بە زیانی چارەخواز بشکێتەوە، لە رووی تەندروستی و داراییشەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانی ماوەی پێشوودا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهیچ شێوەیەک ئۆباماکەیری بەلاوە گونجاو نییە و بە سیستمێکی سەرنەکەوتووی دەزانێت، پلانی وایە یان بەتەواوی لەگەڵ خزمەتگوزارییەکی دیکەدا ئاڵوگۆڕی پێ بکات، یان پووچەڵیبکاتەوە.

سەبارەت بە مێدیکەید و مێدیکەیریش کە دوو خزمەتگوزاریی تەندروستیی وڵاتەکەن و خزمەتگوزاریی پێشکەشی کەسانی بەساڵاچوو، پەککەوتوو و ئەو کەسانە دەکەن کە توانای دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەیان نییە.

یەکێک لە سەرەکیترین بابەتە تەندروستییەکانی لای ترەمپ لەباربردنی منداڵە. ترەمپ لەڕێگەی "پرۆژەی 2025"ـەوە دەیەوێت ژیانی مرۆڤ بەوە پێناسە بکات کە لەکاتی دەستپێکردنی دووگیانییەوە دەستپێدەکات و ئەمەش وا لە دەزگا تەندروستییەکان دەکات بەهیچ شێوەیەک کار لەسەر لەباربردنی منداڵ لە هیچ تەمەنێکدا نەکەن. لە لایەکی دیکەوە هەوڵدەدرێت کە دەرمانەکانی لەباربردن لەلایەن رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە مۆڵەتی کارپێکردنیان لێ بسەنرێتەوە و چیدی لە بازاڕدا دەرمانەکان بەردەست نەبن.

ترەمپ رۆڵێکی گەورە لە کەرتی تەندروستیدا بە رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر دەدات، ناوبراو یەکێکە لەوانەی کە بانگەشەی دژەڤاکسینی بڵاودەکاتەوە، هاوکات د. مەهمەت ئۆزیش لەوانەیە بکرێت بە بەرپرسی مێدیکەیر و مێدیکەید. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە هەیە

دۆناڵد ترەمپ پێشتر گۆڕانی کەشوهەوای بە "درۆیەکی گەورە" لەقەڵەمداوە و دەیەوێت کۆتایی بە هەموو کارەکانی دیموکراتەکان بۆ بەکارهێنانی وزەی خاوێن بهێنێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر گەرمبوونی زیاتری زەوی و خێرابوونی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان دەبێت.