سەری پەیکەرێک دۆزراوەتەوە کە بۆ شانشینی بەتلیمۆس دەگەڕێتەوە

وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسری ئاشکرایکردووە، سەری پەیکەرێکی بەردینیان لەناو پاشماوەی ماڵێکدا دۆزیوە، کە بۆ سەردەمی شانشینی بەتلیمۆس دەگەڕێتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە رێگەی فەیسبووکەوە بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر ئاشکرایکردووە، نێردەی شوێنەوری فەڕەنسی لە زانکۆی "لیۆن" و پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ شوێنەوارە رۆژهەڵاتییەکان سەرکەوتوو بووە لەو دۆزینەوەیەدا لەکاتی کنە و پشکنیندا لە ناوچەی "تاپۆزیرس ماگنا" کە دەکەوێتە دووری 45 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئەسکەندەرییە.

لەلای خۆشییەوە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکانی میسر روونیکردووەتەوە، گەورەیی قەبارەی سەری پەیکەرە دۆزراوەکە، کە بەرزییەکەی 38 سانتیمەتر دەبێت، کە گەورەترە لە قەبارەی سەری مرۆڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک بووە لە پەیکەرێکی گەورە و لە ناو باڵەخانەیەکی گەورە و زەبەلاحدا دانراوە کە گرنگییەکی سیاسیی هەبووە، هەروەها بەشێوەیەکی ورد دروستکراوە و شێوەی مرۆڤێکی هەیە.
بەپێی توێژینەوە سەرەتاییەکانیش، شێوەی پیاوێکی بەتەمەنی هەیە، کە قژی پێوە نیە و روخساری پڕە لە چرچی، شێوەی لەوە دەچێت کە نەخۆشبێت و لەگەڵیدا دەربڕینێکی توند لەسەر روخسارییەتی.
توێژینەوەکان تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو پەیکەرە بەردەوامن تاوەکو خاوەنەکەی بدۆزنەوە، هەروەها نۆژەنی دەکەنەوە و پارچە شکاوەکانی چاکدەکەنەوە.