ماڵی کوردستان بۆ جاری دووەم بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەکات

ماڵی کوردستان ئەمساڵ بڕیارە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بکرێتەوە و هەریەکە لە د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵا بەشداریی کردنەوەی دەکەن.
ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەمساڵ ماڵی کوردستان میوانداری 11 گەورە وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەمەش نیشانەی بەشداریی بەردەوامی هەرێمەکەمانە وەک ناوەندێک بۆ کاری نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی زیاتر".
بڕیارە چەند پانێڵ و چالاکییەک لە ماڵی کوردستان پێشکەشبکرێن لەوانە، دانیشتنی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و گفتوگۆ و پرسە گەرمەکانی نێو کۆبوونەوەکانیش پەیوەستن بە گواستنەوەی وزەی بەردەوام، کردنەوەی دەروازەی زیاتر بە رووی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوبەشیی گشتی و تایبەت".
یەکێک لە پانێڵەکان، "چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی دەبێت لەگەڵ ریچارد کوێست، رۆژنامەنووسی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی ناوچەکە و دیدگای سەرۆکوەزیران بۆ رۆڵی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێت".
ماڵی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، "لەگەڵ فایننشیاڵ تایمز هاوبەشی کردووە بۆ پیشاندانی توانستی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و چاپی گۆڤاری "بانکەر"یش بە بانەری تایبەتی دەستەی وەبەرهێنان و دەرفەتەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ گەیاندنی پەیامی کوردستان بە بینەرێکی کاریگەریی جیهانی و پیشاندانی هەرێمەکەمان وە پێگەیەکی نوێی وەبەرهێنان".
دەشڵێت، "وەبەرهێنەرەکان بەشداریی کۆبوونەوە گرنگەکانی ناو ماڵی کوردستان دەکەن کە دەرفەتێکە بۆ وەبەرهێنانی جیاواز لە گۆرەپانی جیهانی و تاوتوێکردنی خواستەکانی هەرێمەکەمان لە بواری وەبەرهێنان".
ماڵی کوردستان لە داڤۆس، ساڵی 2024 بۆ یەکەمجار لە شەقامی سەرەکی شارۆچکەی داڤۆس لە سویسرا لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان و پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کرایەوە.