رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد ئازادکرا

پاش 454 رۆژ مانەوەی لە زیندان، ئەمڕۆ رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد، ئازادکرا و لەسەر داواکاریی خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان گەڕایەوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند "ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی رۆژنامەوان ئەحمەد سلێمان گەیشتووەتە چاکسازیی گەورانی دهۆک و دەستبەجێ ئازادکراوە".
هاوکات یەکێک لە پارێزەرەکانی ئەو رۆژنامەوانە بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەسەر خواستی خۆی، سلێمان ئەحمەد گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
سلێمان ئەحمەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023دا لەكاتی گەڕانەوەی له رۆژئاوای كوردستانەوە له دهروازهی سێمێلكا دەستگیركرا.
ئەو رۆژنامەوانە لەلایەن دادگای تاوانەکانی دهۆکەوە، بەگوێرەى یاسای ژمارەى 21ـی ساڵی 2003، بە تۆمەتی زیاندان لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، رۆژی 6ـی ئەم مانگە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لە دژی، سەرجەم تۆمەتەکانی سەر ئەو رۆژنامەوانەی رەتکردەوە و بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرد.