دۆناڵد ترەمپ وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو

test
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

پاش سوێندخواردنی یاسایی لە کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەوە، بەکاتی هەرێمی کوردستان وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بوو، رایگەیاند، سەردەمی زێڕینی ئەمریکا لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و ملیۆنان کۆچبەریش دیپۆرتدەکاتەوە.

بەر لە سوێندخواردنی یاسایی دۆناڵد ترەمپ، "جەی دی ڤانس"ی جێگریشی سوێندی یاسایی خوارد.

بە گوێرەی رێوڕەسمە نەریتییەکانی ئەمریکا، دەبێت بەر لە دەستبەکاربوونیان، سەرۆک و جێگرەکەی سوێند بخۆن بە کتێبی پیرۆز، بۆ پاراستنی دەستووری وڵات.

سوێندخواردنەکەی ترەمپ لەهەمان ئەو شوێنەدا بوو، کە لە 6ی کانوونی دووەمی 2021ـدا لایەنگرانی ترەمپ هێرشیانکردە سەر و هەوڵیاندا رێگری پەسەندکردنی ئەنجامەکانی دەنگدان و سەرکەوتنی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بکەن.

پاش سوێندخواردنی، دۆناڵد ترەمپ وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بەڵێنی پاراستنی دەستووریدا و گوتی چەند بڕیارێکی گرنگ رادەگەیەنم.

ترەمپ دیسانەوە بەڵێنیدا ملیۆنان کۆچبەر دیپۆرتبکاتەوە.

ترەمپ گوتی سەردەمی زێڕینی ئەمریکا لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و ئەمریکا بۆ ئەو لەپێشینەیە و ئاسایش و سەروەری و دادپەروەری بۆ وڵاتەکە دەگەڕێنینەوە.

راشیگەیاند، ئەمریکا بەمزووانە بەهێزتر و خۆڕاگرتر دەبێت و گوتیشی، لە ئێستادا حکومەتێکمان هەیە کە دەتوانێت رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.

راشیگەیاند ، کە "لەم ساتەوەختەوە رووخانی ئەمریکا کۆتاییهاتووە" و خودا ئەوی رزگار کردووە تاوەکو گەلی ئەمریکا بکات بە گەلێکی گەورە.

loading....