وەزارەتی دارایى هەرێمی کوردستان: هەفتەى داهاتوو لەگەڵ شاندی عێراق کۆدەبینەوە

وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێمى کوردستان ناوەڕۆکى سەردانى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ بەغداد بڵاوکردەوە و دەڵێت، جەخت لە چارەسەرکردنى مووچەى فەرمانبەران کراوەتەوە، هاوکات شاندێکى دارایى عێراقیش سبەی سێشەممە سەردانى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان دەکات.
وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەى خستووەتەڕوو، بەسەرپەرشتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوە، هەردوولا هاوڕابوون هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان لە ئەمساڵدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمى کوردستان بۆ ناردنی ئەو شایستانەی ساڵی رابردوو نەنێردراوە، بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، هەردوولا رێكکەوتوون کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و رۆژی یەکشەممەی هەفتەى داهاتوو، کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامبدرێت و بڕیاری پێویست لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و راسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.
هاوکات، ئەوەش روونکراوەتەوە، بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت و لە رۆژى سێشەمە 21ـى کانوونى دووەم تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربن و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ئەمساڵ.