ئێران هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ راگەياند

ئێران رايگەياند، هيوادارە ئيدارەی داهاتووی ئەمريکا بە سەرۆکايەتی دۆناڵد ترەمپ، لە وڵاتانی ناوچەکە نزيک ببێتەوە و رێزيان لێبگرێت.
ئيسماعيل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا رايگەياند، هیوادارن رێباز و سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی ئەمریکا واقیعبینانە و لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە بەرژەوەندی و خواستەکانی گەلانی ناوچەکە بە نەتەوەی ئێرانیشەوە بن.
بەقائی رەخنەی توندی لە ئیدارەی جۆ بايدن گرت، بەهۆی پشتيوانييەکانی لە ئيسرائيل و گوتی "ئیدارەی بایدن هيچ جدييەتێکی لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نەخستووەتەروو".
لە خولی يەکەمی سەرۆکايەتيدا ترەمپ سياسەتێکی توندی بەرامبەر ئێران پەيڕەو دەکرد، لە ساڵی 2018 کشانەوەی ئەمريکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی راگەياند کە ئيدارەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2015 واژۆى کرد.
تاران تاوەکو کشانەوەی واشنتن پابەند بوو بە رێککەوتنەکەوە، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە لە بەڵێنەکانی، لەو کاتەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە سەرکەوتوو نەبوون.
هەفتەی رابردوو ئێران گەڕێکی ديکەی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا ئەنجامدا و هەردوولا بە ئەرێنی وەسفيان کرد.
دواتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەوڵەتەزلهێزەکانی ئەوروپا جددی دەردەکەون لە زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیار نییە ئایا ئیدارەی ترەمپ بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان ياخود نا.