ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەکاتەوە

test
زیندانی ئیمرالی لە توركیا

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەنەوە.

بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانیش، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانی لەکار دوورخراوەی مێردین لە شاندەکەدا نییە، کە وەکو ئەندامی شاندی پارتی دەم لەگەڵ ئۆندەر و بوڵدان سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان کرد.

پاش بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دیداری پارتی دەم و ئۆجەلان، رۆژی 28ـی مانگی رابردوو سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی ئیمراڵییان کرد و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و نیو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا کۆبوونەوە.

لە دیدارەکەدا ئۆجەلان پەیامێکی حەوت خاڵی بە شاندەکە دا و تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد و گوتی، "ئامادەیە بەشداری لەو دەستپێشخەرییە نوێیە بکات کە ئەردۆغان و باخچەلی خستوویانەتەڕوو".

رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، باخچەلی لەناو هۆڵی پەرلەمان چووە لای تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم و پەرلەمانتارانی پارتەکە و تەوقەی لەگەڵ کردن، ئەوەش دەرگای بەرووی قۆناغێکی سیاسیی نوێدا کردەوە.

رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، باخچەلی هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوتری لە مێژووی نوێی تورکیادا نا، داوای کرد ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دواتر سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت، کە مافێکە بەو زیندانییانە دەدرێت سزای زیندانیی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دەرگای ئازادبوونیان بە روودا دەکاتەوە.

رۆژێک دواتر عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری پارتی دەم سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان یەکترییان بینی.

ئۆجەلان لە دیدارەکەدا گوتی، "ئەگەر بارودۆخ بڕەخسێندرێت، خاوەن توانای تیۆری و پراکتیکییە بۆ گواستنەوەی ئەم دۆخە لە زەمینەی شەڕ و توندوتیژییەوە، بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی".

رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، باخچەلی داوای کرد دەستبەجێ شاندی پارتی دەم سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە، هەمان رۆژ هاوسەرۆکانی پارتی دەم داوایەکیان بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکەشی وەزارەتی داد کرد و وەزارەتی داد پاش چەند هەفتەیەک مۆڵەتی بە دیدارەکە دا.

loading....