راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی یاسای خانەنشینی

وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات، تەمەنی یاساییان تەواو كردووە، بەڵام خاوەنی شەهیدی پلە یەك و پلە دوون، پێویستە لەماوەى یەک رۆژدا فۆرمێکى دیاریکراو پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەتەکەیان بۆ درێژ بکرێتەوە.
وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەى خستووەتەڕوو، لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 و ئاماژە بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە 191 لە 15ـى کانوونى دووەمى 2025، بڕگەی سێیەم لە خاڵی 2 هاتووە، "ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنی یاساییان تەواو كردووە بەڵام خاوەنی شەهیدی پلە یەك و پلە دوون، پێویستە لە رۆژی چوارشەممە 22ـى کانوونى 2025، تاوەکو کاتژمێر 2ـی رۆژی پێنجشەممە 23ـى کانوونى دووەم فۆرم پڕبکەنەوە.
روونیشکراوەتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەى داتاکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ بەردەوامبوونیان لەخزمەت".
وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماڵپەرى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک، لینکى فۆرمەکەى داناوە و داواى کردووە لەماوەى یەک رۆژدا پڕبکرێتەوە.