پرسی دواخستنی خەڵاتەکانی ئۆسکار یەکلابووەوە

دەستەی رێکخەرانی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەکادیمیای زانست و وێنەی جووڵاو، ناسراو بە خەڵاتەکانی ئۆسکار، بڕیاری کۆتاییان دا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی بۆنەکە لە کاتی خۆیدا و چەند چالاکییەکی نوێشیان ئاشکرا کرد.

گەرچی کەوتنەوەی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی بۆنە و ئاهەنگە سینەمایی و موزیکییەکان دروستکرد و رێکەوتی ئاشکراکردنی کۆی بەربژێرانی ئۆسکاری دواخست، بەڵام رێکخەرانی ئەم بۆنەیە، جەخت لەوە دەکەنەوە؛ بۆنەکە لەکاتی خۆیدا و رێکەوتی سێی ئازار بە کاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە سایەی ئەم رووداوەدا، بڕیارە رێوڕەسمەکەی ئەمساڵ چەند چالاکییەکی جیاواز لەخۆبگرێت، لەوانە: ناساندنی کالیفۆرنیا و دانیشتوانەکەی، وەکو ناوچەیەکی خۆڕاگر و ناوەندی برەودان بە چالاکییە هونەرییەکان، هاوتای هەوڵدان بۆ چاکسازیی و چاکبوونەوە لە لێکەوتەکانی کارەساتەکە.

لە بەرەیەکی دیکەدا، نمایشی موزیک و گۆرانیی دیارترین بەربژێرەکان، دەگۆڕدرێت بۆ هەڵبژاردنی ژمارەیەک گۆرانیبێژ و گروپی تایبەت، کە پەیامی داهێنەریی بە ئامادەبووان دەگەیەنن.