ئەو فیلمەی کارزان مەحموود موزیکی بۆ داناوە بەربژێری بردنەوەی ئۆسکارە

فیلمی "تۆوی هەنجیرە پیرۆزەکە"، کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئێرانی، محەمەد رەسولۆفە و چیرۆکی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی دەگێڕێتەوە، موزیکەکەی، لەلایەن موزیکدانەری دیاری کورد، کارزان مەحموود دانراوە و ئێستا فیلمەکە بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار.
کارزان مەحموود، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، ئاماژەی بەوە دا؛ وێڕای بەربژێربوونی ئەم بەرهەمە لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی خەڵاتە سینەماییەکاندا، موزیکەکەی سەرنجی رەخنەگرانی راکێشاوە.

گوتیشی، "هاوشانی بەرهەمی گەورە موزیکدانەر و هونەرمەندانی ئەم پیشەسازییە، لەوانە هانس زیمەر، ئێڵتن جۆن و بیلی ئایڵش، موزیکی ئەم فیلمە، بەربژێر بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانی میدیای موزیکیی هۆڵیوود".

ئەم فیلمە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا خاوەنی 29 خەڵاتی جیاوازی سینەماییە و لەچوارچێوەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جووڵاو، ناسراو بە ئۆسکار، بەربژێرە بۆ بردنەوەی باشترین فیلمی درێژی نێودەوڵەتی.