لیستی کۆتایی خەڵاتەکانی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا راگەیەندرا

لیستی کورت و کۆتایی خەڵاتەکانی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا راگەیەندرا و ژمارەیەک بەرهەم کێبڕکێیانە بۆ بردنەوە لە شەش پۆلی جیاوازدا.
ئەمساڵ، لە 50ـهەمین خولی خۆیدا، ژمارەیەک کەسایەتیی و بەرهەمی ئەدەبی، وەکو دیارترینەکانی ساڵی رابردوو، لە چوارچێوەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بزانەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا ستایش دەکرێن.
بە تێکڕای گشتی، 30 کتێب کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی خەڵاتی بازنەی رەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی ئەمریکا، لەچوارچێوەی پۆلەکانی: ژیاننامە، یادەوەری، رەخنە، خەیاڵ، ناخەیاڵی و شیعر، کە بۆ هەر پۆلێک، پێنج بابەت وەکو بەربژێری کۆتایی دیاریکراون.

هاوکات، شەش کتێب بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتی کتێبی گرێگ باریۆس بۆ وەرگێڕان و شەش دانەی دیکەش بۆ خەڵاتی باشترین کتێبی جۆن لیۆنارد، بەم جۆرە، کۆی 42 کتێب لەچوارچێوەی ئەم رێوڕەسمەدا ستایش دەکرێن و بە ئامادەبووان دەناسێندرێن.
بڕیارە رێکەوتی 20ی ئازار، لە شاری نیو یۆرک، لەچوارچێوەی رێوڕەسمێکی شایستەدا ناوی براوەکان ئاشکرا بکرێن و پێنج خەڵاتی تایبەتیش بەو کەسایەتییانە دەبەخشرێن کە لە ژیانی خۆیاندا توانیویانە دەستکەوتی گەورە بە جیهان ببەخشن.