رۆمانێکی نوێ سەبارەت بە رووداوە تراجیدییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

test

لە شاری هەڵەبجە، خانمە رۆماننووسێکی دیاری ئەمریکی، کتێبێکی نوێی بە زمانی ئینگلیزیی بە هاونیشتمانییان ناساند، کە لە ناوەڕۆکدا، سەبارەت بە چیرۆک و رووداوەکانی شارەکە نووسراوەتەوە.

کتێبی کۆماری خەونەکان، لە نووسینی "نیکۆڵ واتس" خانمە نووسەر و رۆماننووسی ئەمریکییە، کە لە شاری هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی شارەکە، ناساندنی بۆ کرا.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، نیکۆڵ واتس جەختی لەوە کردەوە؛ ئامانجی لە دانانی ئەم کتێبە، ناساندنی کوردە بە هاووڵاتییانی ئەمریکا، لە دیوێکی دیکەشدا، خستنە رووی جیاوازییەکانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی  گەورە بووە، کە بارودۆخی ژن و پیاوان لە پارچەکاندا جیاوازییان هەیە.

ئەم رۆمانە، لەڕێگەی چەند خێزانێکەوە، رووداوەکانی باشووری کوردستان دەگێڕێتەوە، لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 2022 و تیایدا رەگەزەکانی گێڕانەوە کوردییانە گرێچنیان بۆ کراوە و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، شەڕی ناوخۆ، داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و  بەهاری عەرەبی لە دیارترین رووداوەکانن.

واتس ئاماژە بەوەش دەدات: "لەم کتێبەدا هەوڵمداوە نیشانی بدەم، نەتەوەکان چۆن دەتوانن وێڕای جیاوازییەکان پێکەوە بژین".

نیکۆڵ واتس، پرۆفیسۆرە لە زانکۆی واشنتۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ماوەی هەفتەیەکە کتێبەکەی لە ئامازۆن لەلایەن زانکۆی نیو یۆرکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە، بەرهەمی 10 ساڵ لێکۆڵینەوەیەتی لە هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا خاوەنی شەش کتێبە سەبارەت بە بەشە جیاوازەکانی کوردستان.

loading....