سوودە سەرەکییەکانی رووەکی ناوماڵ لەسەر دەرووندروستی

کەناڵ8 04/10/2023
test

رووەک و سەوزایی لەناو ماڵەکانماندا هەڵگری وزەی ئەرێنی و دڵخۆشکەرن، هەروەها یارمەتیدەرن لە دروستکردنی کەشێکی ئارام و پڕ لە ئۆکسجین کە بۆ جەستە و دەروونی مرۆڤەکان سوودبەخشە.

لەم چوار خاڵەدا سوودە سەرەکییەکانی رووەکی ناوماڵ بۆ ژیانی مرۆڤ دەخەینەڕوو:

پاککردنەوەی هەوا:

گەڵای دار و رووەکەکان پرۆسەی رۆشنەپێکهاتن ئەنجامدەدەن کە دەبێتە هۆی پاککردنەوەی هەوای دەوروبەر، راکێشانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پێدانی ئۆکسجین کە بۆ هەناسەدانی مرۆڤ پێویستە.

رووەکەکان لەو رووەشەوە سوودبەخشن کە پێکهاتە کیمیاییە زیانبەخشەکان لە ماڵ یاخود ژوورەکەت پاکدەکەنەوە کە دەبنە هۆکاری وەستانی سییەکان و مردنی مرۆڤ.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان لەسەدا %35ی ئەو کارمەندانەی لەشوێنی کارەکەیان رووەک و سەوزایی هەیە، باشتر کارەکانیان دەکەن و جەستەیەکی تەندروستتریان هەیە.

کەمکردنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی:

شێوازی ژیانی مرۆڤ پڕە لە ناسەقامگیری لەرووی جەستەیی و دەروونییەوە، رێکخستنی ماڵەکەت یان شوێنی کارکردنت بە گوڵ و سەوزایی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی.

هەروەها خزمەتکردنی رووەک و سەوزایی ئارامیت پێدەبەخشێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر مێشکی مرۆڤ دروستدەکات و یارمەتی بەرەوپێشچوونت دەدات.

رووەک و سەوزایی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناخ و دەروونی مرۆڤ دروستدەکات، بەشێوەیەک کە کاردانەوەی ئەرێنییان دەبێت بەرامبەر ئەو کارانەی رۆژانە ئەنجامی دەدەن و ئاستی بەرهەمهێنانی کەسەکان لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە زیاد دەکات.

بە گوێرەی تویژینەوەیەکی زانکۆی ئێکزێتەر لە بەریتانیا، ئەو قوتابخانانەی رووەک و سەوزاییان تێدایە، خوێندکار و کارمەندەکان بەرێژەی لەسەدا %15 بەرهەمیان زیاترە و توانای پێشکەوتنیان زۆرترە.

توانای ساڕێژکردنی هەیە:

رووەک و سەوزایی توانای ساڕێژکردنی جەستە و دەروونیان هەیە کە خۆی لە دەرهاویشتنی چەند جۆرێکی گاز، پۆڵێن و کەرەستەی کیمیایی دەبینێتەوە. هەروەها شێوە و بۆنی رووەکەکان لە شوێنەکەدا کاریگەریی زۆری لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە.

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، گوڵ لە نەخۆشخانەکاندا وەک ساڕێژکەر بۆ نەخۆشەکان بەکاردەهێنرێت و توانای خێرا چاککردنەوەی برین و ساڕێژکردنی هەیە.

04/10/2023