کۆمپانیایەکی مەکسیکی پاشماوەی پلاستیکی دەکاتە سووتەمەنی

کۆمپانیایەکی مەکسیکی لە رێگەی دروستکردنی ئامێرێکەوە پاشماوەی پلاستیک دەگۆڕێت بۆ بەنزین و گاز و چەند جۆرە سووتەمەنییەکی دیکە.
ئێستا لە 10٪ـی پلاستیکی جیهان ریسایکڵ دەکرێت، وڵاتان بە دوای چارەسەرێکەوەن تاوەکو بتوانن لە پاشماوە پلاستیکییەکان رزگاریان ببێت، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران.
کارلۆس دیاز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پێتگاس، کە کۆمپانیای گۆڕینی پلاستیکە بۆ سووتەمەنی، دەڵێت، " ئێمە پاشماوە پلاستیکییەکان کۆدەکەینەوە، بەتایبەت لە کەنار دەریاکان، هەمووی ورد دەکرێت و دەخرێتە نێو ئامێری پێتگاس، ئەویش پلاستیکەکان گەرم دەکات، هەم کارگەکە و هەم ئامێرەکەش نوێیە و لەرێگەی گەرمییەوە دۆخی ماددەکە دەگۆڕدرێت، گۆڕانی ئەو دۆخەش نزیکەی چوار کاتژمێری دەوێت و لە ئەنجامدا سووتەمەنیمان دەستدەکەوێت".
ئامێری پێتگاس لە توانایدایە رۆژانە بڕی یەک تۆن و نیو لە پلاستیک بهاڕێت و لە ئەنجامدا بڕی 356 گاڵۆن، کە دەکاتە هەزار و 350 لیتر سووتەمەنی بەرهەمبهێنێت.
بەرهەمهێنانی بەشێکی زۆر لە ماددە پلاستیکییەکان بە هایدرۆکاربۆن دەست پێدەکەن، بۆیە کاتێک پرۆسەی گۆڕینیان بۆ سووتەمەنی ئەنجام دەدرێت، دەکرێت نەوتی سپی، بەنزین، گازوایل، پارافین و کۆک-یان لێ بەرهەمبهێنرێت.
ئەوەی ئێستا سوود لە بەرهەمی کارگەکە وەردەگرێت، ناوەندی ئاگرکوژێنەوەی وڵاتەکە و کۆمپانیایەکی گەیاندنی تایبەتە.
ڤیکتۆر مانوێل گۆتێرێز، شۆفێری گەیاندنە و پرۆژەکەی پێ باشە و دەڵێت، "پاشماوەی پلاستیک لە هەموو شوێنێکە و زیانی هەیە، بۆیە ئەوە پرۆژەیەکی باشە، چونکە ئێمە بە ریسایکڵکردنی پلاستیک یارمەتیی هەسارەکە دەدەین و رێگە لە پیسبوونی رووبارەکان و دەریاکان دەگرین".
سەرەڕای هەوڵەکانی کارگەکە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی دۆستی ژینگە نییە، چونکە لە ئەنجامی پرۆسێسکردنەکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەخاتەوە ژینگە، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت، هێشتا کاریگەرییەکانی لەو پاشماوە پلاستیکییانە کەمترە، کە ساڵانە دەکرێنە نێو دەریا و زەریاکانەوە.
هەروەها ئەلێکسا مێندۆزا، زانای بایۆلۆجی لە زانکۆی ڤێراکروز گوتی، "پڕۆژەیەکی باشە، ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان زۆر فراوان نەکرێت، چونکە فراوانکردنەکەی جارێکی دیکە دەبێتە هۆی ئەوە رێژەی کاربۆن لەنێو بەرگە هەوادا زیاد بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەتوانین بڵێین، ئێستا لانیکەم چارەسەرمان هەیە بۆ بەکارهێنانەوەی پلاستیک لەبریی فڕێدان، بەڵام گۆڕینی پلاستیک بۆ سووتەمەنی کۆتایی سووڕەکە نییە، رزگاربوون لە پلاستیک بنەبڕکردنی بەرهەمهێنانییەتی، چونکە دەنکۆڵە پلاستیکییەکان لە هەموو شوێنکدا هەیە، ئێستا ئێمە لە رێگەی هەناسەدانەوە بەشێک لە گەردیلە پلاستیکییەکان هەڵدەمژین، کە لە کاتژمێرێکدا بەنزیکەیی 16 گەردیلەی پلاستیک هەڵدەمژین".
بەگوێرەی پڕۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن تۆن پلاستیکی نوێ لە جیهان بەرهەمدەهێنرێت، پێشەنگی جیهانیش لە بەرهەمهێنانی ئەو ماددەیەدا وڵاتی چینە، کە لە ساڵی 2023دا پەکین یەکەم هەناردەکاری جیهان بووە و بەدوای ئەویشدا ئەڵمانیا و ئەمریکا بە پلەی دووەم و سێیەم هاتوون.
هەروەها بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژانە بە قەبارەی دوو هەزار بارهەڵگر زبڵ و خاشاکی پڕ لە پلاستیک فڕێدەدرێنە ناو دەریا، زەریا و ڕووبارەکانی جیهانەوە.