ئەکتەرێکی تورک بەهۆی رۆڵبینینی کارەکتەرێکی کوردییەوە دادگایی دەکرێت

خانمە ئەکتەرێکی تورک، بە هۆی رۆڵگێڕانی لە پێگەی کارەکتەری کچە شەڕڤانێکی رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن دادگای گشتیی شاری ئیستانبوڵ داواکراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
خانمە هونەرمەندی ئەکتەری تورک "مێلیسا سۆزێن"، یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی وڵاتی تورکیا، لەماوەی رابردوودا، بەشدار بوو لە زنجیرەیەکی درامیی و هەستبزوێنی فەڕەنسی بە ناونیشانی "The Bureau"، کە تیایدا، لە ئەڵقەیەکی زنجیرەکەدا، رۆڵی کچە شەڕڤانێکی رۆژئاوای کوردستان دەگێڕێت و بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە.

بەڵام رۆڵگێڕانی ئەم خانمە ئەکتەرە لە پێگەی کارەکتەرێکی کوردییدا قبووڵکراو نەبووە، بینینەوەی ئەم دیمەنە، تورکەکانی تووڕە کردووە و هەر زوو، دادگای گشتیی ئیستانبوڵ، بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، بانگهێشتکراوە و ئێستا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەم خانمە ئەکتەرە، لە سایەی فشارەکاندا، ئاماژەی بەوە داوە، خۆشەویستییەکی زۆری بۆ تورکیا و نیشتمانەکەی هەیە و هەرگیز پاڵنەر نییە بۆ نواندن لە بەرگی تیرۆردا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەڵمەتی دژایەتیکردنی ئەم خانمە ئەکتەرە و مامەڵەکانی دادگای گشتیی ئیستانبوڵ، رەخنەی توندی چاودێر و رەخنەگرانی لێکەوتووەوە، بەشێکیان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە جڵەوکردنی زیاتری توند لەسەر رۆڵ و پێگەی ئەکتەر و سینەماکاران، هاوتای سانسۆرکردن و رێگریکردن لە دەربڕینی ئازاد.