مادلێن کلاین بەشداری لە فیلمە نوێیەکەی جۆنی دێپدا دەکات

مادلێن کلاین بەشداریی لە فیلمە نوێیەکەی جۆنی دێپ دەکات بەناوی "Day Drinker"، کە پێنەلۆپی کروزیش تێیدا بەشدارە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی " Deadline"، چەند رۆژێکی کەمە کلاین چووەتە تیمی فیلمەکەوە، هەریەکە لە باسێڵ ئیڤانیک و ئێریکا لی فیلمەکە بەرهەمدەهێنن، کە پێشتر بەیەکەوە کاریان بۆ فیلمی Thunder Roadکرد و چەندین فیلمی دیکەیان بەرهەمهێناوە.
فیلمەکە باس لە کەسێکی نامۆ دەکات کە پەیوەندییەکی چاوەڕوان نەکراو لەگەڵ کچە گارسۆنێکی غەمباردا دروست دەکات کە خۆشەویستەکەی لەدەستداوە، وردە وردە ژیانیان بەجۆرێکی چاوەڕوان نەکراو تێکەڵ بە یەکتر دەبێت.
فیلمەکە لە ئێستادا لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە و هێشتا زانیاری تەواو لەبارەیەوە ئاشکرانەکراوە.
جۆنی دێپ، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، سێ جار پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی ئۆسکار، خاوەنی 81 خەڵاتی جیاوازی دیکەیە، توانیویەتی لە 99 فیلمدا وەکو ئەکتەر بەشداریی بکات، تاوەکو ئێستا، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری 24 فیلمە.
مادلین خانمە ئەکتەرێکی ئەمریکییە، لە رێگەی رۆڵبینینی لە زنجیرەیەکی درامیدا کە لە نێتفلێکس پەخشدەکرا بەناوبانگ بووە، هەروەها رۆڵی لە چەند بەرهەمێکی هونەری دیکەشدا بینیوە.