بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لێکۆڵینەوە لە نووسراوێکی دێرینی یۆنانییەکان دەکرێت

لوولەکێکی نووسراوی سەردەمی یۆنانی کۆن، کاری کردنەوەی هێماکانی بۆ دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنرێت.
لەچوارچێوەی کێبڕکێیەکی ناوازەی کردنەوەی هێما کۆنەکان و خوێندنەوەی دەقە دێرینەکان، دەستەیەک لە شارەزاکانی کتێبخانەکانی بۆدلیان لە ئۆکسفۆرد، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر لوولەکێکی نووسراوی دێرینی یۆنانی کۆن، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زاینیی و یەکێکە لە پەنهانترین نووسراوەکانی مێژووی یۆنان.

دەستەکە لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی تیشکی ئێکس و ژیریی دەستکرد، دەیانەوێت هێماکانی ئەم لوولەکە بکەنەوە و شێوازی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە مەبەستەکانی هەڵبهێنن.
لە ئاستی ناوەڕۆکدا، ئەم لوولەکە سەبارەت بە پرسە فەلسەفییەکان نووسراوەتەوە، کە باوەڕ وایە لەسەر دەستی شاعیر و فەیلەسووفی ناسراوی یۆنانی "فیلۆدێمیەس" نووسراوەتەوە.
هاوشێوەی ئەم لوولەکە نووسراوە، بەنزیکەی دوو هەزار لوولەکی دیکەی مێژوویی لە کتێبخانەکانی ئۆکسفۆرد پارێزگارییان لێدەکرێت و کاری ئەدەبیی و فەلسەفیی کەسایەتییە کۆنەکانی یۆنان و رۆمانییەکانن.