یانیک سینەر بۆ سێ مانگ لە یاریی تێنس سڕکرا

یانیک سینەری ئیتاڵی و یاریزانی پرۆفێشناڵی تێنسی سەرزەوی، بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریی تێنس سڕکرا.
هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی مادەی وزەبەخش، کە ساڵی رابردوو بەکاری هێنا و بەوهۆیەوە دادگایی کرا، بەڵام ئەوکاتە هیچ شتێک نەکرا لەبارەیەوە و سینەر توانی تەواوی وەرزی 2024 بەبێ سزادان تێپەڕێنێت و تەنانەت ناسناوی کراوەی ئەمریکای بردەوە.
سزانەدانی سینەر گلەیی و گازندەی زۆری یاریزانانی تێنسی لێکەوتەوە، چونکە هیچ یاریزانێک لەدوای بەکارهێنانی مادەی وزەبەخشەوە بەبێ سزا نەڕؤشتووە، بەڵام بۆ سینەر کەیسەکە جیاواز بوو.
ساڵی رابردوو دوای لێکۆڵینەوەکان، ئاشکرا کرا کە بە ئەنقەست مادەکە بەکارنەهاتووە، سینەریس لەو بارەیەوە روونکردنەوەی دا و گووتی کە بە هەڵە بەکاری هێناوە و نەیزانیوە مادەی وزەبەخشە.
دووبارە دوای لێکۆڵینەوەکان و پشکنینە پزیشکییەکان، سزاکە بەسەر سینەردا سەپێندرا و یاریزانەکەش هیچ تانەیەک نادات لەو سزایەوە و ئامادەیە بۆ سێ مانگ دووربخرێتەوە.
یانیک سینەر، لە مانگی یەکی ئەمساڵ توانی ناسناوی کراوەی ئوستراڵیا بەدەستبهێنێت، کە یەکێکە لە ناسناوەکانی گراند سلام، هاوکات لەسەر ئاستی پیاوان پلەی یەکەمی ریزبەندیی یاریزانانی تێنسی سەرزەوی گرتووە.