بە حەرامتان بێت ئەو دزییە

test

ئەحمەد سەنگاوی

لە شەوێکی گەرمی پاریسدا، لە مانگی ئۆکتۆبەری2024، رۆدری بە دارشەقێکەوە لەبەردەم هۆڵی دووشاتلێ دابەزی، ئەمە شۆکێکی گەورەبوو بۆ هەموو ئەوانەی، چاوەڕێبوون، کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو رۆژە مەدرید بۆ یەکەمجار مەراسیمەکەی بایکۆت کرد، ئەو خەڵاتە کە یەکەمجارە یاریزانێکی مان سیتی بەدەستی دەهێنێت، بەڵام ئەو خەڵاتە هێزی بە مان سیتی نەبەخشی، بووە سەرەتایەکی شومی تاقینەکراوە، کە پێشینەی نەبوو.

ئەو خەڵاتە زیاتر لە نەفرەتێک دەچوو، کورد گوتەنی ماڵی کەس بە کەسێکی دیکە حەڵال نییە. ئەم خەڵاتە بووە مارێک و لە گەردنی گواردیۆلا ئاڵا، چیدیکە ئەو نەفرەتە لە سیتی نەبووەوە تا شارەکەی ویرانکرد. بە چوار رۆژ دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، شکست بەسەر سیتی داباری، لە حەوت یاریی یەک لەدوای یەک، تامی سەرکەوتنیان نەکرد، پێنج یاری لەسەر یەک تووشی شکست بوون، لە 24ی دیسەمبەری 2024، بەرامبەر نۆتنگهام فۆرست بە سەرکەوتن شادبووەوە، بەڵام ئەمە شەپۆلێکی دیکەی شکستی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمجارە سیتی بەرامبەر پاڵاس یەکسانبوو، بەرامبەر یوڤنتۆس، مان یونایتد و ئاستۆن ڤێلا تووشی شکست بوو، واتە تا بردنەوەی داهاتوو، لە پێنج یاریی یەک لەدوای یەک تامی سەرکەوتنی نەکرد.

پێشئەوەی رۆدری تووشی پێکان بێت، وەرزەکەی سیتی شکستی تێدا نەبوو، رۆدری لە 22ی ئەیلوول لە بەرامبەر ئارسیناڵ تووشی پێکان بوو، بەڵام سیتی حەوت یاریی بەبێ رۆدری ئەنجامدا و تووشی شکست نەبوو، کەچی دوای خەڵاتەکە، یانەکە ئەزموونی قۆناغێکی کرد، کە لەمێژووی گواردیۆلا و ئەم نەوەیەی یاریزانی مان سیتی هاوشیوەی نەبووە، وەک ئەوەی ریاڵ چاوی لەدوای خەلاتەکە بووبێت و یانەکە خێری لێی نەبینی، رۆدری خەلاتەکەی لە ریاڵ بردەوە، بەلام یانەکەی هەموو شتێکی لەدەستدا و دوابزمار کە لەتابووتی مان سیتی درا، ریال مەدرید بوو، سیتی وەکو بریندارێک کە هیوای چاکبوونەوەی نەبێت، دوافیشەکی بەزەیی بۆ ریاڵ بەجێهێشت.

ئێستا یانەکە 13 یاریی تووشی شکست بووە، تا کۆتایی وەرزەکە 12 یاریی وەرزەکەی ماوە ئەنجامی بدات.

مان سیتی 33 یاریی بەبێ رۆدری ئەنجامداوە، تازە درەنگە بۆ ئەوەی گەڕانەوەی رۆدری هیچ کێشەیەکی بۆ چارە بکات، ئازاری وەرزەکەی سیتی، هاوشێوەی ئازارەکەی رۆدری نییە بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت. گواردیۆلا بە هەموو شێوەکان لێیدرا و بریندارکرا و خۆی بریندار کرد، سەرە رووتاوەکەی سپی بوو، بەڵام تیژی نینۆکەکانی سەری رووتاوەی فەیلەسووفی خوێناویی کرد، ئاسەواری برینداری بە سیما و سەرییەوە دیار بوو، پیاوێک وەک ئەوەی لەنێو وێرانەیەکدا ونبووبێت، بەدوای پووچیدا بگەڕیت، نازانێ دەست بۆچی بەرێت. بەکورتی مان سیتی ئەڵێی نەفرەتی بالۆندۆر گرتوویەتی. دیار نییە کەی رۆدری دەگەڕێتەوە، بەلام ئەوە بۆ هەموومان ئاشکرایە کە ئەم وەرزە مان سیتی ناگەڕێتەوە.

ئەوەی نووسیم تێکەڵکردنی خەیاڵی خۆم و واقیعی تاڵی مان سیتی بوو

loading....