وەزارەتی كارەبا چارەسەركردنی گرفتی كارەبای راگەیاند

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، گرفتی كەمبوونەوەی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە چارەسەركراوە و دوو هەزار و 500 مێگاوات كارەبا گەڕایەوە بۆ ناو تۆڕی كارەبای هەرێمی كوردستان.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا بەدواداچوون و چاودێریی دۆخی کارەبای کردووە کە دووەم جارە تۆڕی کارەبای هەرێمی كوردستان دووچاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بووەوە.
جەخت لەوەشكراوەتەوە، كەمبوونەوەكە بەهۆی گرفتە تەکنیکییەکانی کۆمپانیای دانەغاز لە کێڵگەى کۆرمۆر روویداوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبا، هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز توانیویان چارەسەری گرفتەکە بکەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای چارەسەركردنی گرفتەكە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا گەڕایەوە ناو تۆڕی کەرەبای هەرێمی كوردستان.