پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێمانوایە پەیامێکی بەرپرسیارانەیە و پێویستی ئەم قۆناغەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەکو بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "ئەم پەیامە بە سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانی ئەم پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە."
سەرۆکی یەکێتیی ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیوادارین هەموولایەکمان بەدەم ئەم پەیامەوە بچین و هەنگاوی کرداریی بنێین بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری و ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەستنەدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەوان پشتیوانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن.