توێژینەوەیەک: 36 کۆمپانیا نیوەی گازی زیانبەخشی جیهانی بەرهەمدەهێنن

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، نیوەی کاربۆنی زیانبەخشی سوتەمەنی بەردین تەنیا لەلایەن 36 کۆمپانیاوە بەرهەمدەهێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـى ئازاری 2025، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات داتاکانی 2023 بەتەواوەتی کاریگەرییەکانی ئەم کۆمپانیایانە لەسەر بەرگەهەوای زەوی رووندەکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە 36 کۆمپانیای گەورەی سوتەمەنی بەردین، رۆڵی گەورەیان لەبەرهەمهێنان کاربۆن هەیە، کۆمپانیاکانیش ئارامکۆی سعودی، کۆولی هیندی، ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، شێڵی بەریتانی و ژمارەیەک کۆمپانیای چینی-شیان تێدایە کە خەڵوز و نەوت و گاز بەرهەمدەهێنن و بەرپرسیار بوون لە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 20 ملیار تۆن لە گازی کاربۆن لە ساڵی 2023.
لە راپۆرتەکەی گاردیان دا هاتووە، "رێژەی دەردانی گازی زیانبەخش دەبێت تاوەکو ساڵی 2030 بەرێژەی 45% دابەزێت ئەمەش بۆ رێگری لە گەرمبوونی پلەی گەرمی زەوی کە سنووری 1.5 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە دوای ساڵی 2021 ژمارەیەک پرۆژەی نوێی سوتەمەنیی بەردین دەستیانبەکارکردووە، ئەمەش وایکردووە ئەستەم بێت ئامانجەکانیان تاوەکو ساڵی 2050 بپێکن.
بەشێوەیەکی گشتی راپۆرتەکە لەسەر رێژەی دەرچوونی گازە زیانبەخشەکان لە رێگەی سوتاندنی خەڵوز، نەوت و گاز لەساڵی 2023 نوسراوە، لە بەشێکی دیکەشدا باس لە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ کراوە، کە لەساڵی 2023 بەرێژەی 6.5 % زیادیکردووە.