ژیریی دەستکرد ئەستێرەی کۆنفرانسی جیهانیی مۆبایل بوو

لە شاری بەرشلۆنەی ئیسپانیا، کۆنفرانسی جیهانیی مۆبایل، لە 3 بۆ 6ـی ئازاری ئەمساڵ، بە بەشداری کۆمپانیا گەورەکانی بوارەکە بەڕێوەچووە، یەکێک لەو تەکنەلۆجیایانەی رەنگدانەوەی لە زۆرینەی بەرهەمەکانی ئەمساڵی کۆنفرانسەکە هەبوو، ژیریی دەستکردە.
یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان چاویلکەیەکی تایبەتی بە پاسکیلسوارەکان نمایشکرد، لە کاتێکدا پاسکیلسواران پاسکیلەکانیان لێدەخوڕن، چاویلکەکە دەتوانێت دیمەنەکانیان بۆ تۆماربکات و دواتر پارچەیەک ڤیدیۆی لێدروستبکات.
راین هاگەر، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت:"هەموو شتێک لەم کۆنفرانسە بە ژیریی دەستکرد بەهێزکراوە، لەم حاڵەتەی ئێمەدا ژیریی دەستکرد زۆە سادە بەکارهاتووە، کە تۆ پاسکیل لێدەخوڕیت، چاویلکەکە باشترین دیمەنەکانی گەشتەکەت بۆ تۆماردەکات".
لە گۆشەیەکی دیکەی کۆنفرانسەکە، کۆمپانیایەک تێنووسێکی دیجیتاڵی بۆ ئەو کەسانە نمایشکردووە کە حەزدەکەن بە دەست بنوسن، دواتر ژیریی دەستکرد تێکستەکە دەکاتە فۆرماتێکی دیجیتاڵی، یادگەی نۆتپادەکە 32 گێگابایتە و نرخەکەشی لە نێوان 260 بۆ 445 دۆلاردایە.
مایکل داهان، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە دەڵێت:"تێنووسەکەمان روونمایەکی تایبەتی هەیە، کاتێک دەنووسیت هەست بەوە دەکەیت لەسەر کاغەز دەنوسیت، بەڵام جیاوازییە گەورەکە ئەوەیە کە دەتوانیت تێبینیەکانت بگۆڕیت بۆ فۆرماتێکی دیجیتاڵی، دواتر بەکاریان بهێنیت".
لە کۆنفرانسی جیهانیی مۆبایل چەندین بەرهەمی تەندروستیش نمایشکرابوون، یەکێک لەوانە کۆمپانیایەکی هۆڵەندییە کە بە سیستمێکی سێ رەهەندی بۆ چاودێریکردنی تەندروستیی نەخۆش بەشداریکرد، هەروەها سیستمەکە پزیشکێکی ژیریی دەستکردیش لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت وەڵامی کێشە پزیشکییە سەرەتاییەکان بداتەوە.
تاوەکو دێت کۆمپانیاکان زیاتر تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد تێکەڵ بە بەرهەمەکانیان دەکەن و لە سەرانسەری جیهاندا، پێناسەی زۆرینەی بوارە تەکنەلۆجییەکانی جارێکی دیکە داڕشتووەتەوە.