روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە لەبارەی گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەك

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكرد، سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی غازن كە ماوەیەكە بەهۆی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەری زیاد بووە.
وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە نزیكەوە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی غازە، كە ماوەیەكە بەهۆی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەری زیاد بووە و بەهۆیەوە نرخەکەی بەرزبووەتەوە".
روونیشكراوەتەوە "وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە توندی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە كە كەناڵێكی راگەیاندن نابەرپرسانە و دوور لە راستی باس لەوەدەكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێکی بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵان کردووە".
بەگوێرەی روونكردنەوەكە، حکومەت گرێبەستی لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەک نەكردووە بۆ دانانى سیستمی دابەشكردنی غاز بەسەر ماڵاندا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت و لە دادگا سكاڵا لە دژی ئەو كەناڵە تۆمار دەكات".