چاوی کۆمپانیاکانی بۆشایی ئاسمان لەسەر مانگە

کۆمپانیا تایبەتەکان و ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمانی وەکو ناسا، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە مانگ و ناردنەوەی کەشتیوانان جارێکی دیکە بۆ سەر مانگ.
کەشتیی ئاسمانی "بلو گەوست" کە لەلایەن کۆمپانیای "فایەرفڵای ئەیرۆسپەیس"ـی سەر بە ئاژانسی ناسا دروستکراوە، بە سەرکەوتوویی لە 2ـی ئازاری 2025، لەسەر مانگ نیشتەوە، رۆبۆتەکە ئامێری زانستیی هەڵگرتووە و لە رێگەی موشەکی فالکۆن 9ـی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، بە سەرکەوتوویی گەیەندرایە مانگ.

"بلو گەوست" بووە دووەم رۆبۆتی کۆمپانیایەکی تایبەت کە لەسەر مانگ بنیشێتەوە، یەکەم کۆمپانیای تایبەت کە کەشتیی ئاسمانی هەڵبداتە سەر مانگ، کۆمپانیای تایبەتی 'ئنشیەتڤ مەشینس"بوو، لە ساڵی 2024 سەرکەوتوو بوو لە ناردنی کەشتییەکی ئاسمانی بۆ سەر رووی مانگ، بەڵام کەشتییەکە لەکاتی نیشتنەوەدا کەوتە سەر لا و نەیتوانی هیچ کارێک ئەنجامبدات.
ئەمساڵ هەمان کۆمپانیا کەشتییەکی ئاسمانی دیکەی بەرەو مانگ نارد، بەڵام هەمان کارەساتی ساڵی رابردوو روویدایەوە و بەهۆی سەختی لەکاتی نیشتنەوەدا، لە 7ـی ئازاری 2025، کەشتیی ئاسمانی ئەسینا کەوتە سەر لا و ئێستا لەکارکەوتووە.
ئەسینا کە چەندین کەلوپەلی زانستی هەڵگرتبوو، بڕیاربوو لە ناوچەیەکی نزیک لە جەمسەری باشوور بنیشێتەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بمێنێتەوە.
کۆمپانیای سپەیسئێکسی ئیلۆن مەسکیش، بەردەوامە لە هەوڵەکانی، رۆژی هەینی، 7ـی ئازاری 2025، هەشتەم تاقیکردنەوەی مووشەکی ستارشیپی ئەنجامدا، بەڵام هاوشێوەی حەوتەم تاقیکردنەوەی شکستی هێنا و دوای ئەوەی موشەکەکە پەیوەندی لەگەڵ زەویدا لەدەستدا، لە ئاسماندا تەقییەوە، هەرچەندە بزوێنەری مووشەکەکە بەجیا و بە سەلامەتی گەڕایەوە بۆ شوێنی هەڵدانی.

بەرزی ستارشیپ121 مەترە و تیرەکەی 9 مەترە، بە گەورەترین مووشەکی جیهان دادەنرێت کە دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، هەروەها دەتوانێت 150 تۆن قورسایی هەڵبگرێت، مەبەست لە ستارشیپ ناردنی ژمارەیەکی گەورەی مانگە دەستکردەکانە بۆ بۆشایی ئاسمان و نیشتنەوەی کەشتیوانە ئاسمانییەکانی ناسایە لەسەر رووی مانگ.
پێشبینیدەکرێت ستارشیپ لە ساڵانی داهاتوودا رۆڵێکی گەورە بگێڕێت، کاتێک کەشتیوانانی ئاسمانی ناسا لە ئەرکی ئارتمیسدا بەرەو رووی مانگ دەگەڕێنەوە، ئیلۆن مەسک پێشبینی دەکات، ستارشیپ نەوەکو تەنیا بۆ سەر مانگ، بەڵکو بۆ گواستنەوەی مرۆڤ بۆ مەریخ و قووڵایی گەردوونیش بەکاربهێنرێت.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ناسا، دوای تێپەربوونی زیاتر لە 50 ساڵ بەسەر دوایین ئەرکی ئەپۆلۆدا و ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، کەشتیوانەکانی ئامادەدەکات، تاوەکو لە ساڵی 2026، بۆ جارێکی دیکە ئەمریکا بباتەوە سەر مانگ.
ناسا کەشتیی ئاسمانیی ئۆریۆنی نمایشکرد، کە لە ساڵی داهاتوو کەشتیوانەکانی دەباتە خولگەی مانگ و بۆ ماوەی 10 رۆژ لە خولگەکەدا دەمێننەوە.
پرۆگرامی ئارتمسی ناسا، پرۆگرامێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە مانگ، بەنیازە چوار کەشتیوان بنێرێتە سەر مانگ، لەنێو کەشتیوانەکاندا یەکەم ژن و یەکەم کەشتیوانی رەشپێستی تێدایە کە بچنە سەر مانگ.
لە میانەی ئەرکی ئارتمیسدا، ناسا تەکنەلۆجیای نوێ و پیشکەوتوو بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنێکی باشتر لە مانگ، هاوکات ئەو پۆشاکەشی بەکاریدەهێنن لەپاڵ ئاسانکردنی جووڵە دەتوانێت لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا کەشتیوانەکان بپارێزێت.
لەکاتێکدا ناسا دەیەوێت خۆی بۆ ناردنی کەشتیوان بۆ سەر مانگ ئامادە بکات بەڵام دوو کەشتیوانی هەیە کە لە ساڵی رابردووەوە لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان گیریان خواردووە.
بەچ ویڵمۆر و سونی ویلیامز، لە تاقیکردنەوەی کەشتی ئاسمانیی ستارلاینەری کۆمپانیای بۆوینگ بەشداربوون، بڕیاربوو هەفتەیەک لە وێستگەکە بمێننەوە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەک لە کەشتییە ئاسمانییەکەیان، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە نەیانتوانوە بگەڕێنەوە بۆ زەوی و بڕیارە لەم مانگەدا بە کەشتییەکی ئاسمانی کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک بهێندرێنەوە بۆ ماڵەوە.