بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا وەزارەتی کشتوکاڵ و دەزگای روانگە پرۆژەیەک واژۆدەکەن

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای روانگە پرۆژەیەکیان بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا واژۆکرد و 20 هەزار درەختی زەیتوون لە ناوچەی کەسنەزانی هەولێر دەچێندرێن.
حەسەن عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە خۆی و شاندێکی یاوەری سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا باس لەپرۆژەیەکی دەزگای روانگە کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و زیادکردنی سەوزایی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
لەوچوارچێوەیەدا، دەزگای روانگە پرۆژەیەکی بۆ چاندنی 20 هەزار درەختی زەیتوون لە ناوچەی کەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر پێشکەشکرد پرۆژەکەش لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لێکرا.
پرۆژەکە لەچوارچێوەی ئامانجێکی نیشتمانیی حکومەتی عێراقدایە بۆ زیادکردنی رووبەری دار و درەخت و سەوزایی.
دەزگای روانگە هۆکاری هەڵبژاردنی درەختی زەیتوونی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە درەختی زەیتوون بەرگەی وشکەساڵی و کەمبارانی دەگرێت، رێژەیەکی زۆری کاربۆن وەردەگرێت و بەهایەکی زۆری کشتوکاڵی هەیە.