ترەمپ: چوار گرووپ داوای کڕینەوەی تیکتۆک دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی لەگەڵ چوار گرووپی ئارەزوونەبد بۆ کڕینەوەی تیکتۆک لە گفتوگۆدایە و هەموو بژاردەکانیش بە بژاردەی باش دادەنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە خەریکە ئەو وادەیە کۆتاییدێت کە بە کۆمپانیای بایتدانسی خاوەن تیکتۆک درابوو، لەماوەی 75 رۆژدا کۆمپانیا چینییەکە هەڵبژاردنی لەنێوان دوو بژاردەدا بکات، بەجۆرێک یان خزمەتگوزارییەکانی لە ئەمریکا بەردەست نابێت، یان دەبێت پلاتفۆرمەکە بفرۆشێتەوە بە کۆمپانیایەک کە چینی نەبێت، ئەگەر ئەمریکیش بێت باشترە.
ئەمریکا کۆمپانیای بایتدانس تۆمەتبار دەکات بەوەی ئاسایشی زانیاریی کەسیی ئەمریکییەکان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە لە ئیدارەی بایدن، لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 بڕیاری قەدەغەکردنی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کاتێک دۆناڵد ترەمپ، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، رۆژێک پاش بڕیارەکە دەسەڵاتی کۆشکی سپی گرتەدەست، قەدەغەکردنەکەی هەڵپەسارد و 75 رۆژی دیاریکرد بۆ کۆمپانیاکە تاوەکو بیفرۆشێتەوە، بەگوتەی خۆی، هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەی ئەوەبووە لەماوەی هەڵبژاردنەکان بانگەشەکانی ملیۆنان بینەریان لە تیکتۆکەوە هەبووە.