مەسک: ئێکس بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە لەکارکەوت

ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پلاتفۆڕمەکەی رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گەورە بووەتەوە، بەو هۆیەشەوە هەزاران بەکارهێنەر کێشەیان بۆ دروستبووە، لە دەستگەیشتن بەو تۆڕە.
مەسک لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە، هێرشێکی لەو شێوەیە دەکرێت سەرچاوەیەکی زۆری هەبێت، گریمانەی کرد، وڵاتێک یان گرووپێکی گەورە بەوکارە هەستابێت، گوتیشی؛ هێرشەکە لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئەنجامدراوە.
ماڵپەڕی "داون دیتێکتەر" کە بەدواداچوون بۆ لەکارکەوتنی پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەکان دەکات بڵاویکردەوە، هەزاران بەکارهێنەر نەیانتوانیوە تۆڕی ئێکس بەکاربهێنن، ئاماژەى بەوەشکردووە، 56%ـی گرفتەکان رووبەڕووی ئەپڵیکەیشنی "ئێکس" بوونەتەوە و 33%ـش رووبەڕووی ماڵپەڕەکەی، زۆربەی گرفتەکانیش لەلایەن بەکارهێنەرانی ئەمریکی و بەریتانییەوە تۆمارکراون.
دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و کەسایەتیی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵی 2022دا، بە بڕی 44 ملیار دۆلار تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تویتەر"ـی کڕی، زۆرینەی کارمەندەکانی لە کار دوورخستەوە و ناوی تۆڕەکەی گۆڕی بە "ئێکس".