ناسا کەشتییەکی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی دوو کەشتیوانە گیرخواردووەکەی رەوانەکرد

ئەمڕۆ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسا، بە هاوکاریی سپەیس ئێکس، کەشتییەکی ئاسمانیی بە ژمارەیەک کەشتیوانەوە بەرەو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان رەوانەکرد، بڕیارە لە کاتی گەڕانەوەیدا، کەشتییەکە دوو کەشتیوانە گیرخواردووەکەی ناسا بگەڕێنێتەوە بۆ زەوی.
رۆژی شەممە، 15ـی ئازاری 2025، موشەکی فالکۆن 9ـی کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە کەشتیی ئاسمانیی دراگۆنی هەڵگرتووە، لە ئەرکی کرو-10، لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی کێنێدی لە فلۆریدا، بە چوار کەشتیوانەوە بەرەو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بەڕێکەوت.
لەراستیدا ئەرکی کرو-10، ئەرکێکی ئاساییە و بەردەوام بۆ گۆڕینی کەشتیوانەکانی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەرکی ئەمجارە جیاوازە و دوو کەشتیوانی ئاسمانیی ناسا کە ماوەی نۆ مانگە لە وێستگەکە گیریانخواردووە دەگەڕێنێتەوە بۆ زەوی.
دوای گەیشتنی کەشتییە ئاسمانییەکە بۆ وێستگەکە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئازاری 2025، بەچ ویڵمۆر و سونی ویلیامز، لەگەڵ دوو کەشتیوانی دیکەی وێستگەکە بەرەو زەوی بەڕێبکەون.
بەچ ویڵمۆر و سونی ویلیامز، لە تاقیکردنەوەی کەشتی ئاسمانیی ستارلاینەری کۆمپانیای بۆوینگ بەشداربوون، بڕیاربوو هەفتەیەک لە وێستگەکە بمێننەوە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەک لە کەشتییە ئاسمانییەکەیان، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە نەیانتوانوە بگەڕێنەوە بۆ زەوی.