سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی غەززەی کرد

test
ساتی گەیاندنی تەرمی یەكێك لە قوربانییەكان بە نەخۆشخانە. فۆتۆ: AA

سوپای ئیسرائیل كەرتی غەززەی بۆردوومانكرد و بەگوێرەی زانیارییەكان، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 200 كەس كوژراون و دەیانی دیكە برینداربوون.

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، لەسەر رێنمایی ئاستی سیاسی، سوپا و شاباك هێرشێكی فراوانیان كردووەتە سەر بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، روونیشیكردووەتەوە كە هێرشەكە سەرجەم ناوچەكانی كەرتی غەززەی گرتووەتەوە.

هاوكات، حكومەتی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بەهۆی رەتكردنەوەی بزووتنەوەی حەماسەوەیە بۆ ئازادكردنی بارمتەكان، حكومەتی ئیسرائیل بەڵێنیشیداوە كە هێرشەكان لە داهاتوودا توندتر دەبن.

جەخت لەوەشكراوەتەوە، هێرشەكان لەسەر فەرمانی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆكوەزیران و ئیسرائیل كاتس، وەزیری بەرگری بوون، حەماسیشی بەوە تۆمەتبار كردووە كە سەرجەم پێشنیازەكانی نێردەی ئەمریكا و نێوەندگیرییەكانی رەتكردووەتەوە، بۆیە ئێستا ئیسرائیل دژی ئەو بزووتنەوەیە جوڵەی سەربازی دەكات.

لەبارەی هێرشەكانەوە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێكدا جەختی لەوەكردووەتەوە، ئەو هێرشانە چارەنووسی بارمتەكان لە كەرتی غەززە بەرەو نادیار دەبەن.

بەگوێرەی دوایین ئامارەكانی تەندروستیی كەرتی غەززە، بەهۆی هێرشەكانی ئەمڕۆوە تاوەكو ئێستا 232 كەس كوژراون و دەیانی دیكە بریندارن، كە زۆربەیان ژن و منداڵ و كەسانی بەتەمەنن.