پاش نۆ مانگ دوو کەشتیوانەکەی ناسا گەڕێندرانەوە بۆ زەوی

پاش مانەوەیان زیاتر لە نۆ مانگ لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، ئەمڕۆ دوو کەشتیوانەکەی ناسا بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە بۆ زەوی.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئازاری 2025، دوو کەشتیوانەکەی ناسا لەگەڵ دوو کەشتیوانی دیکەی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، بە هاوکاریی کەشتیی ئاسمانی دراگۆنی سپەیس ئێکس، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە سەر زەوی.
بەچ ویڵمۆر و سونی ویلیامز، ساڵی رابردوو لە تاقیکردنەوەی کەشتی ئاسمانیی ستارلاینەری کۆمپانیای بۆوینگ بەشداربوون، بڕیاربوو هەفتەیەک لە وێستگەکە بمێننەوە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەک لە کەشتییە ئاسمانییەکەیان، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە نەیانتوانوە بگەڕێنەوە بۆ زەوی.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ستیڤ ستیچ، بەڕێوەبەری پرۆگرامی تیمی بازرگانیی ناسا لەبارەی کەشتیوانەکانەوە گوتی:"تیمەکە زۆر باشن، کەمێک کاتیان دەوێت تاوەکو پشکنینان بۆ دەکرێت و بە تەواوی چاک دەبنەوە و دڵنیا دەبین لەوەی تەندروستن، لە کۆتاییدا بەرەو هیوستن دەگەڕێنەوە".
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسا، لە رۆژی 15ـی ئازاری ئەمساڵ، بە هاوکاریی موشەکی فالکۆن 9ـی کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە کەشتیی ئاسمانیی دراگۆنی هەڵگرتبوو، لە ئەرکی کرو-10، لە فلۆریداوە، چوار کەشتیوانی بەرەو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان رەوانەکرد.
کەشتیی ئاسمانیی دراگۆن لەکاتی گەڕانەوەیدا، دوو کەشتیوانی کرو-9 لەگەڵ دوو کەشتیوانە گیرخواردووەکەی ناسا، دوای زیاتر لە نۆ مانگ مانەوە لە وێستگەکە بەرەو زەوی گەڕاندەوە.