حکومەتی عێراق بۆ وزەی نوێبووە نزیکەی 30 ملیۆن دینار قەرز بە هاونیشتمانییان دەدات

ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، هاونیشتمانییان و بازرگانانى هەرێمى کوردستان لە قەرزێکى حکومەتى عێراق سوودمەند دەبن، کە لە یەک ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات.
ئامانج مەحمود هەرکى، ئەندامى لیژنەى کارەبا و وزە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، قەرزەکە بۆ وزەى نوێبوەوە دەدرێت و هاونیشتمانییانى کوردستان یەک ملیۆن تاوەکو 30 ملیۆن دینار و شوێنە بازرگانییەکانیش لە 30 ملیۆن تاوەکو یەک ملیار دینار دەتوانن بە قەرز وەربگرن.
روونیکردەوە، قەرزەکە لە رێگەى ئەو بانکانەى سەر بە بانکى ناوەندیى عێراقن وەردەگیرێت، بەڵام بە کاش نادرێت بەڵکو کۆمپانیاکانى وزەی نوێبووەوە، کە پرۆژەکان جێبەجێ دەکەن وەریدەگرن.
ئامانج مەحمود هەرکى گوتیشى، "حکومەتى عێراق بڕى یەک تریلیۆن دینارى ئامادەکردووە و پاش جەژنى رەمەزان، بانکى ناوەندی پارەکە دەداتە بانکەکان بۆ ئەوەى دەستپێشخەرى وزەی نوێبووەوە لە عێراق و هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت".
بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە، سوودى بانکى بە کۆى گشتیى ناگاتە 3% و تەنانەت بەشێک لە بانکەکان ئەوەیان راگەیاندووە، تەنیا لەسەدا 1% وەردەگرن.
ئامانج مەحمود هەرکى دەڵێت، قەرزەکە بە سێ رێگە دەدرێت، یان هاونیشتمانییان دەچن مامەڵەکان لە بانک دەکەن، یاخود کۆمپانیاکانى وزەی نوێبووەوە دەچن، یاخود لە رێگەى ئۆنلاینەوە فۆڕمى تایبەت پڕدەکرێتەوە.