نزیکەی دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە

test
کێڵگەیەکی نەوت

25ـی ئازار دەبێتە دوو ساڵی تەواو، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ دەرەوە راگیراوە.

لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد و لەو کاتەوە گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە نێوان سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەپیکۆر بەردەوامن.

هەر رۆژە داواکاریی لایەنێک و مەرجی لایەنێکی دیکە، پرسەکەی ئاڵۆزتر کردووە و چارەنووسی هەناردەکردنەوەی نەوتی لە تونێلێکی تاریکدا هێشتووەتەوە.

لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت هێڵی بۆریی نەوتی كەركوک - موسڵ - توركیا، وەک جێگرەوەیەک بۆ بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.

ئەو هێڵە لە دوو بۆریی نەوتی 40 ئێنجی و 46 ئێنجی پێکدێت، كە بە هەدووكیان توانای رەوانەكردنی ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە.

هەرێمی کوردستان خاوەنی هێڵێکی بۆرییە بە درێژایی 896 کیلۆمەتر،221 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندایە، کە دەکاتە %25ـی بۆرییەکە و 675 کیلۆمەتری دیکەی لە ناو خاکی تورکیادایە کە دەکاتە %75ـی بۆرییەکە.

بەگوێرەی دیزاینی بۆرییەکەش، توانای هەیە 950 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە بکات، كۆمپانیای رۆسنه‌فتی رووسی خاوه‌ندارێتیی %60ـی بۆریی نه‌وتی كوردستان ده‌كات.

 بۆرییەکە لەلایەن توركیاوە پاسەوانیی دەكرێت ‌و كرێی پاسەوانیکردنی لە پارەی نەوتی هەرێمى کوردستان دەدرێت، کە بەنزیکەی 8 دۆلارە بۆ هەربەرمیلێک.

چارەنووسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە لەسەر رازیبوونی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور ماوەتەوە، کەمی تێچووی بەرهەمهێنان گرفتی سەرەکییە، کە 16 دۆلار بۆ هەردوو پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دیاریکراوە.

بەڵام بەهۆی ئەوەی بۆریی نەوتی کوردستان، خاوەندارێتیی بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا دەگەڕێتەوە و تێچووی گواستنەوەی بەرزە و زیاتر لە نیوەی ئەو 16 دۆلارە بۆ گواستنەوە دەڕوات، بۆیە ئەستەمە کۆمپانیا نەوتییەکان بەم نرخە قایل بن.

loading....