حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەپیکور داواکاریى نوێیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەیە

test
کێڵگەیەکی نەوت

حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى بەرهەرمهێنانى نەوت لەبارەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، داواکاریی نوێیان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت هەیە و داواکارییەکانیان گەیاندووەتە بەغداد.

لە دوایین کۆبوونەوەى سێ لایەنەکە، حکومەتى هەرێمى کوردستان، داواى کردووە لە کاتى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 140 هەزار بەرمیل نەوتى پێبدرێت ئەوەش بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى ناوخۆ لە (بەنزین، نەوتى سپى، گازوائیل، قیر) بەکاریدەهێنێت.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە کەناڵ8ـى گوت، "بۆ ئەم داواکارییە، ئەپیکور ئامادەیە بە 16 دۆلار ئەو 140 هەزار بەرمیلە بەرهەمبهێنێت، چونکە کرێى گواستنەوەی ناکەوێتە سەر".

حکومەتى عێراق لیژنەیەکى بە سەرۆکایەتیى باسم محەمەد، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە و لە وەڵامى ئەم داواکارییەدا بە گوێرەى راپۆرتى لیژنەى پسپۆڕ تەنیا 46 هەزار بەرمیل نەوتى بۆ پێداویستیى ناوخۆ بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکردووە، چونکە تەنیا لە هەولێر و دهۆک چەند بەنزینخانەیەکى دیاریکراو بەنزینى حکومى و پاڵپشتیکراو بە نرخى 750 دینار دەخەنەڕوو، بیانووى عێراق ئەوەبووە، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان سوتەمەنى پاڵپشتیکراوى نییە.

کەمیی تێچووی بەرهەمهێنان گرفتێکی دیکەیە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزارەتى نەوتى عێراق، کە 16 دۆلاری بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوت دیاریکراوە و بۆریی نەوتی هەرێمى کوردستان- تورکیا خاوەندارێتی بۆ کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە و تێچووی گواستنەوەی نیوەی ئەو 16 دۆلارەیە، بۆیە بە ئاستەم دادەنرێت کۆمپانیا نەوتییەکان بەم نرخە رازى بن.

پێشتر گوتەبێژی ئەپیکور بە کەناڵ8ی راگەیاندبوو، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هیچ ڕێککەوتنێکی نوێیان نییە، مەرجیان هەیە دەبێت رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و شەفاف هەبێت و  تێیدا وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی پێشووتر و شایستە داراییەکانى داهاتووش گرەنتى بکرێن.

loading....