هەزاران هاوڵاتیی ئیسپانی بۆ پاراستنی ژینگە خۆپیشاندانیان کرد

test
خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی ئیسپانیا بۆ پاراستنی ژینگە

کۆمەڵێک چالاکی ژینگەیین هاوشێوەی پێشبڕکێیەکی وەرزشی و  بۆنەیەکی تایبەت،  بۆ خەمی کەشوهەوای وڵاتەکەیان و لە دژی دانانی کارگەیەک لە ناوەڕاستی رووباری ئۆلوا لە باکووری خۆرئاوای ئیسپانیا کۆبوونەتەوە.

لە هەرێمی گالیسیا وەبەرهێنەرانی پرتوگالی، مۆڵەتیان پێدراوە کارگەیەکی قوماش بەناوی ئاڵتری بنیاد بنێن، لە نزیک کارگەکەش لەناو رووباری ئۆلوا، خەریکن دووبارە وەبەرهێنان لە کانێکی بەرهەمهێنانی مس دەستپێدەکەنەوە، کە لە ساڵی 1986وە راگیراوە.

خۆپیشاندەران ترسیان هەیە کارگە و کانگاکە ژینگەی رووباری ئۆلوا و دەریاچەی ئارۆسا پیس بکات و ژیانی هەزاران زیندەوەر بخاتە مەترسییەوە.

مار سوارێز، خۆپیشاندەر دەڵێت، "ئەوان دەیانەوێت کارگەیەکی جلوبەرگ لەنێو دڵی گالیسیا و کانێکی مس لە رووباری ئۆلوا دروستبکەن، ئەمەش هەموو گالیسیا وێران دەکات، ئێمە رێگەیان پێنادەین".

گوتەبێژی کۆمپانیای گرینفایبەر، کە لقێکی کۆمپانیای ئاڵترییە، رەتیدەکاتەوە هیچ مەترسییەکی پیسبوون هەبێت بەهۆی کاری کارگەکەوە و رایگەیاندووە، "رێز لە هەموو یاساکانی ژینگەی یەکێتیی ئەوروپا دەگیرێت".

بەڵام خۆپشاندەران بەم قسەیە قایل نین و رژدن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەردوو پرۆژەکە.

خۆسێ گۆمێز فیگێرا، خۆپشاندەر دەڵێت، "ئێستا راوکردنی خۆراکە دەریاییەکان لە دۆخێکی خراپدایە، من داهاتوویەکی تاریک دەبینم لەو بارەیەوە، ئەگەر مەترسیی زیاتر بۆ رووبار و دەریاچەکە دروستبکرێت، کارەساتێکی تەواو روودەدات، ئەمانە بە کارگە و کانگا ئێرەیان وێرانکرد، ئەیانەوێت گورزی کۆتایی بووەشێنن".

گالیسیا هەرێمێکی سەربەخۆی ئیسپانیایە و داهاتی ساڵانەی زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە، بەشێکی سەرەکیی ئەو داهاتەشی لە سامانی ئاویی رووبار و دەریاچەکانییەوە بەدەستدەهێنێت، هەربۆیە ئەوانەی بژێویی ژیانیان لەسەر رووبار و دەریاچەکانە، زیاتر لە هەمووان توڕە و نیگەرانن.

چالاکوانی ژینگەیی رامۆن فێرناندێز لیال  لە خۆپیشاندانەکەدا گوتی، "من هاتوومەتە ئێرە تاوەکو هۆشداریی بدەم دەربارەی ژینگە، دەسەڵات دەبێت هەمیشە خزمەت بە خەڵکی بکات، بەڵام وادیارە سەرکردەکانی ئێستای گالیسیا تەنیا بەرگری لە بەرژەوەندیی کەمینەیەکی بەهێز دەکەن، بەهۆی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیانەوە".

گالیسیا ناوەندێکی گرنگی بازرگانیکردنە لە ئیسپانیا و لقی زیاتر لە 30 براندی بەناوبانگی جیهانی تێدایە، لەوانە ئۆتۆمبێل، کەشتی، جلوبەرگی مۆدە و کەلوپەلی لە دار دروستکراو.

خاوەنی بەندەرێکی گرنگیشە بەناوی ڤیگۆ، کە کەشتیوانی و هەناردەکردنی خواردنە دەریاییەکان تیایدا گرنگیی تایبەتی بۆ ئیسپانیا هەیە.

loading....