رۆژنامەی بێ رۆژنامەوان: ژیریی دەستکرد دەبێتە تاکە سەرنووسەری رۆژنامەیەک

test
ئێل فۆلیۆ ئەی ئای، یەکەم رۆژنامەی نووسراوە بە تەواوی لەلایەن ژیریی دەستکردەوە ئامادەبکرێت

رۆژنامەی ئێل فۆلیۆ ئیتاڵی، پەردەی لەسەر یەکەم رۆژنامەی چاپکراوی ژیریی دەستکرد لادا کە بە تەواوی لەلایەن ژیریی دەستکرد ئامادەدەکرێت و بەدوورە لە دەستێوەردانی مرۆڤ.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ ماوەی مانگێک دەستدەکات بە تاقیکردنەوە و رۆژانە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، رۆژنامەیەکی چوار لاپەڕەیی چاپ دەکات، شانبەشانی رۆژنامەی تەقلیدی ئێل فۆلیۆ کە لە 10 لاپەڕە پێکدێت و نرخەکەی 1.80 یۆرۆیە، رۆژنامەی ژیرییە دەستکردەکە، بەبێ بەرامبەر دابەشدەکرێت.

سیستمەکانی ژیریی دەستکرد لە رۆژنامەی ئێل فۆلیۆ ئەی ئای، بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ، بابەتەکان دەنووسن، ناونیشانیان دیاریدەکەن، بابەتەکان پوختە دەکەن، هەروەها دەتوانن گرنگترین گوتەی ناو بابەتە رۆژنامەوانییەکان دیاریبکەن.

تیمی سەرنووسەری رۆژنامە ئیتاڵییەکە، کە لە ساڵی 1996ـەوە دامەزراوە، لەبارەی ئامانجی پرۆژەکەوە رایگەیاند، ئامانجیان گواستنەوەی تەکنیکەکانی ژیریی دەستکردە لە چوارچێوەیەکی تیۆرییەوە بۆ بەکارهێنانی پراکتیکی لە جیهانی رۆژنامەگەریدا.

لە کاتێکدا کە ئێل فۆلیۆ ئەی ئای، یەکەم رۆژنامەی چاپکراوە بە تەواوی لەلایەن ژیریی دەستکردەوە ئامادەکرابێت، چەندین پلاتفۆرمی میدیایی ئۆنڵاین هەن کە لە ئێستاوە تاقیکردنەوە لەسەر دروستکردنی بابەتی جیاواز دەکەن بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد.