ترەمپ باج بەسەر کڕیارانى نەوتى ڤەنزوێلادا سەپاند و چین ناڕازییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێک باجی 25% بەسەر هەر وڵاتێکدا دەسەپێنێت، کە نەوت لە ڤەنزوێلا بکڕێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر وڵاتانی چین و هیندستان دەبێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی ترەمپ، هەر وڵاتێک نەوت یان گازی ڤەنزوێلا بکڕێت، ئەمریکا باجی 25% دەخاتە سەر مامەڵەى بازرگانیکردنی لەگەڵ واشنتندا.
بڕیارەکە هەرزوو کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دروستکرد و نەوتی تەکساسی بەرێژەی 1.46% بەرزکردەوە و نرخی یەک بەرمیلی لە 68 دۆلارەوە گەیاندە 69 دۆلار و 25 سەنت، هاوکات نرخی نەوتی برێنتی بەڕیژەی 2.84% بەرزکردەوە و لە 72 دۆلارەوە گەیاندییە 73 دۆلار و 20 سەنت.
بڕیارەکەى ترەمپ بەهۆى زۆریی ژمارەى کۆچبەرى ڤەنزوێلییە لە ئەمریکا، کە ترەمپ بە کەسانی توندوتیژ ناویان دەبات.
ترەمپ کۆچی نایاسایی کردووەتە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی ئیدارەکەی و بەهۆیەوە هەمان رێژەی باجی لەسەر کەنەدا و مەکسیک سەپاندووە، بڕیاریداوە لە مانگی نیسانەوە جارێکی دیکە بیخاتەوە بواری جێبەجێکردن.
هاوکات چین لە دوای ئەو بڕیارەی ترەمپ، ئەمریکای بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ڤەنزوێلا تۆمەتبار کرد.
گۆو جاکهن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "داوا لە ئەمریکا دەکەن دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ڤەنزوێلا رابگرێت و سزا تاکلایەنە نایاساییەکانی سەر وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە و کاری لەبار بکات بۆ ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ڤەنزوێلا و وڵاتانی دیکە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتیشی، "ئەمریکا لەمێژە بە نایاسایی سزای تاکلایەنە دەسەپێنێت و دەستێوەردانی گەورە دەکات لە وڵاتانی دیکەدا، چین بەتوندی دژی ئەم کارەی دەوەستێتەوە، داوا لە ئەمریکا دەکەین بە کارەکانیدا بچێتەوە و دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی ڤەنزوێلا هەڵبوەشێنێتەوە و کارێکی لەبار بکات لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵات".
گوتیشی، "ئەمریکا لەگەڵ ڤەنزوێلا و وڵاتانی دیکە براوە نابێت لە شەڕی بازرگانیدا، باجی زیادە تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بازرگان و بەکارهێنەرانی ئەمریکی زیانێکی زیاتریان پێبگات".
سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی چین بەسەر وڵاتی کەنەداشدا گوتی: "بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی سزاکانی کەنەدا لەسەر چین رەوایە و بەگوێرەی یاسایە و لەپێناو راستکردنەوەی ئەو هەڵانەیە، کە کەنەدا بەرامبەر چین ئەنجامیداوە و رێڕەوی بازرگانیی تێکداوە".
گۆو جاکهن، ئەوەشی گوت، "سەبارەت بە سەپاندنی باجی چین لەسەر کەنەدا، ئێمە ئەوە بە مافی یاسایی دەزانین چونکە سەرەڕای داواکارییەکانی ئێمە، کەنەدا سزای بەسەر هاوردەی چیندا سەپاند".